"تا ئێستە حاڵەتی ئاژەڵی تووشبوومان بە تای خوێنبەربوون نەبووە"

:: PM:09:37:24/04/2025 ‌

د. شاڵاو عارف بەرپرسی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر نەخۆشیی تای خوێنەربوون، باس لەوە دەكات كە رێكاری پێویست گیراوەتە بەر و پێویستە قەساب و گۆشتفرۆشەكان زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، كابانەكانیش بە هەمان شێوە ئاگەداری خۆیان بن.

لە چەند ناوچەیەكی عێراق نەخۆشیی تای خوێنبەربوون سەری هەڵداوە، رێكارەكانی كوشتارگەكەتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاكە چییە؟

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە، كوشتارگەی سلێمانی كە سەرچاوەی دابینكردنی گۆشتی سوورە بۆ شارەكە، دەستبەجێ رێكارەكانی خۆی گرتووەتەبەر بۆ خۆپارێزی و دووربوون لەو نەخۆشییە، لە ماوەی مانگی ئاداری ئەمساڵ ئامادەكارییمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسیانە كردووە كە ئەگەری بڵاوبوونەوەیان هەیە، بەتایبەتی تای خوێنبەربوون، رێكارەكان بەپێی پرۆتۆكۆڵی زانستییە كە لە ناو كوشتارگە دەكرێت، بۆ پشكنینی پێش كوشتنەوە و دوای كوشتنەوە و ئامادەكاری بۆ بردنی بۆ بازاڕ.

*دەگوترێت ئەو نەخۆشییە پێشتریش لە عێراق و كوردستان هەبووە، مەترسیی نەخۆشییەكە چییە و ئێوە و خەڵك چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن؟

ئەو نەخۆشییە زۆر كۆنە و لە ساڵی 1979 لە عێراق هەیە و لە ماوەی ساڵانی رابردوو و ئەمساڵیش چەندین كەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە، پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان، واتە ئەوانەی پێوەندیدارن بە گۆشتی سوور، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، چونكە نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی مردن.

وەك كوشتارگە رێكاری تایبەت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵەكان لە قۆناغی پێش كوشتار و دوای كوشتار هەیە، لە قۆناغی پێش كوشتنەوە ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتێكی تەندروست یان ئاژەڵێكی زیندووی تەندروست دەكرێت، دواتر رێكار بۆ نەخۆشی تای خوێنبەربوون وەردەگیرێت.

*لە سایەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە، تا چەند پێویستە گۆشتی سوور قەدەغە بكرێت؟

پێویست بەوە ناكات گۆشتی سوور قەدەغە بكرێت یان بڕیاری قەدەغەكردنی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە بدرێت، چونكە ئەو حاڵەتێكی سروشتییە و پێشتریش هەبووە، گرنگترین خاڵ هۆشیاركردنەوەی مامەڵەكردنە، گرتنەبەری رێوشوێن و رووبەڕبوونەوەی ئەو نەخۆشییە و نەخۆشییەكانی تر كە لە وەرزی گەرما ئەگەری سەرهەڵدانیان هەیە، چ لە كوشتارگەكان یان لە كێڵگە و قەسابخانە و شوێنەكانی خواردن، یان لە مەڵەوە بۆ كابانێكی چێشتلێنەر.

*پێویستە قەساب و گۆشتفرۆشەكان یان ئەوانەی مامەڵەی راستەوخۆ و بەریەككەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشتەكەی هەیە چی بكەن؟

گرنگترین شت، قەساب و كارمەندی كێڵگەكان جلی تایبەت و ماسك و جزمە بپۆشن، ئەمە لە كاتی مامەڵەكردن، هەروەها ناو كێڵگەكان بە دژەمیكرۆبەكان ئەوانەی كحولیان تێدایە بڕشێنن، ئاژەڵەكانیش دژە مشەخۆرەكانیان بۆ بەكار بێنن كە گوێزەرەوەی ڤایرۆسەكەیە، هەروەها دەبێت لە رێی قڕكەرەكانەوە مشەخۆرە دەرەكییەكان لەناو بەرین بۆ ئەوەی گەنە لەناو بچێت و گوێزەرەكە كۆتایی پێ بێت.

ئەوانەی بەركەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵەكان هەیە دوای ئەوەی لە كێڵگە دێنە دەرەوە دەستەكانیان جوان بشۆن، دەمێنێتەوە گۆشتفرۆشەكان ئەوانیش رێكاری خۆیان بكەن، دەستكێش بەكاربێنن بۆ ئەوەی بەركەوتن لەگەڵ خوێن و دەردراوی ئاژەڵ نەبێت، جگە لەوەش لە دوای كاركردن كەلوپەلەكانیان بشۆن، لە كۆتایی كاریش دوكانەكانیان بە دژە میكرۆبەكان پاك بكەنەوە.

*لە ماوەی ئەمساڵ كە ئەو نەخۆشییە هاتووە، هیچ ئاژەڵێك لە كوشتارەگەكەتان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە رەت كراوەتەوە؟

هیچ شتێك نییە لەو كاتەدا گومانمان لێی هەبێت، ئەو نەخۆشییە زیاتر هی وەرزی گەرمایە و جارێ گەرمای تەواوەتی دەستی پێ نەكردووە، تا ئێستە حاڵەتی ئاژەڵی تووشبوومان نەبووە.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل