دكتۆر سۆران بەرزنجی: ئەوەی بەغدا دەیكات پێچەوانەی دەستوورە

:: PM:02:59:30/05/2025 ‌
د. سۆران بەرزنجی، پسپۆڕێکی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی وشەدا تیشکدەخاتە سەر بڕیارەکانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت بەغدا ئەوەی دەیکات جینۆسایدی ئابوورییە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان، دەشڵێت دادگە فیدراڵیی هەر خۆی دژی خۆی و بڕیارەکانی کاردەکات و بڕیارەکانی حکوومەتیش دژی بڕیارەکانی دادگەکەن.

ئەوەی بەغدا دەیکات لە چوارچێوەی یاسا یەک دەگرێتەوە؟
ئەوەی لەبەغدا دەکرێت هەر لە رابردوو هەتا ئێستا هەمووی نەک پێچەوانەی یاسا، بگرە پێچەوانەی دەستووریشە، بەگوێرەی دەستوور ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە بودجە بۆ هەرێمەکان دابین بکات بە گوێرەی ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە بۆ ئەوەی بتوانێ خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکە دابینبکات، واتە لە دەستوردا ئەرکێکی بێ بیانو و بێ چەندو چۆنە کە مووچەو ژیان بێ بەرانبەر بۆ خەڵک دابین بکات.


یاسای بودجە تایبەتە، بەڵام بەغدا تێکەڵی دروستکردووەو ساڵەکانی بە یەک بەستووەتەوە؟
بە گوێرەی یاسا، یاسای بودجە هەیە ساڵانەو پارەیەکی زۆر هەیە بە پێی یاساکە بودجە لە یەکی کانونی دووەم دەستپێدەکات بۆ 31ی کانونی یەکەم، ئەوەی ئێستا بەغدا بەرانبەر بە هەرێم دەیکات و باسیکردووە مووچەو بودجەی 2023 و 2024ی بۆ هەرێم حسابکردووە کە بەهیچ شێوەیەک لە هیچ یاسایەکی بودجە نییە کؽشەی ساڵی پێشتر لە ساڵی دواتر باسبکرێت، هەر کێشەیەک لە 2024 هەبووبێت نابێت بهێنرێتە ناو ساڵی 2025.


ئەمە جینۆساید نییە بەڵام لە رووی ئابووری؟
ئەوەی بەغدا دەیکات لە دەرەوەی یاساو عورف و مرۆڤایەتی و حوکمرانی و دەسەڵاتدایە، ئەم سیاسەتانەی بەغدا جینۆسایدی نوێیە بەرانبەر بە کورد، جینۆساید تەنها لەناوبردنی جەستەنییە بگرە لە رووی ئابڵوقری ئابووری و مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی ملکەچیان بکەیت بۆ ئەو ئامانجەی کە خۆی دەیەوێت، ئەمەی بەغدا سەدا سەد تاوانی جینۆسایدە لە فۆڕمێکی تردا، لە شێوازێکی دیکەدا، لە رابردوو کورد جینۆسایدی دەستەیی کرا، ئێستا لە بواری ئابووری دەیکات.

رۆڵ و کاری دادگای فیدراڵی بەرانبەر بە کورد؟
دادگای فیدراڵی تا ئێستا دووجار لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بریاریداوە، یەکێک لە بڕیارەکانی ساڵی 2024 بوو ئەوەی روونکردەوە کە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە کە مووچە بۆ خەڵک دابین بکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە، وەک چۆن مووچەی خەڵکی عێراق دابیندەکات، ئەگەر هەرێم پابەندبێ یان نا، ئەگەر کێشەی سیاسی هەبوو یان نا، نابێ کێشەی سیاسی تێکەڵ بە مووچەو قوتی خەڵک بکرێت.


دادگا خۆی نەیوت مووچەو هەژماری من یاساییە؟
دادگای فیدراڵی تەنانەت لە پرسی بە بانکیکردن و هەژماری من هیچ لاری نەبووەو بگرە وتی هەژمانی من، تەوتینە بە مەرجێ بانکەکان هەمان بانکەکان لە بانکی ناوەندی مۆڵەتی هەبێت ئەهلی یان حکوومی بێت.


کەواتە دادگاکە یاسایی نییەو سیاسییە؟
دادگای فیدراڵیی ئەوەندەی سیاسییە ئەوەندە یاسایی نییە، ئەو بریارانەی دادگای فیدراڵی دەیدا، ئەگەر دژی هەرێم بێت خێرا جێبەجێ دەکرێن، ئەگەر لەبەرژەوەندی هەرێم بێ شتێک نییە بەناوی جێبەجێکردن، سیاسییانە کاردەکەن، هەر دادگای فیدراڵی خۆی پێچەوانەی قسەو بریاری خۆی کار دەکات.


وشە/ هۆشیار  عەلی


وشە - پۆڵا مەحموود