د. وەعدی مزووری پسپۆڕی بواری یاسا لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق و سەرۆكی دادگاكە، لەكاتێكدا بڕیار بوو كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بكرێت، ئەو پێی وایە ئەوەی بەرانبەر بە هەرێم كراوە، پیلانێكە بۆ ئەوەی كێشەكان قووڵتر بكرێنەوە و هەرێم رووبەڕووی دۆخێكی خراپ و نەخوازراو ببێتەوە.
*ئەندامانی دادگای فیدراڵی بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكان دەستیان لەكار كێشایەوە، پێت وا نییە ئەو كارە كێشەی گەورە دروست دەكات؟
دیارە دەستلەكاركێشانەی دادوەرانی دادگای فیدراڵی و سەرۆكی دادگاكە، كاریگەریی گەورە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان دروست دەكات، دادگاكە باڵاترین دەسەڵاتە و تاكە لایەنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەستنیشان كراوە، بەم دواییە بڕیار بوو دادگای فیدراڵی كۆتایی بە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بێنێت و ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، بەڵام لەپڕ هەموویان دەستیان لەكار كێشایەوە، نەبوونی ئەو دادگایەش بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات و روكنێكی ئەركانی دەوڵەتی دەستووری نامێنێت.
*ئەوەی رووی دا پیلانێك نییە دژی هەرێمی كوردستان؟
ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە لەو كاتەدا بە پیلان بووە، بۆ ئەوەی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر نەبێت، ئەو رۆژەی دادوەران دەستیان لەكار كێشایەوە، ئەو رۆژە دیاری كرابوو كە دادگاكە كۆبێتەوە و لەسەر ئەو كێشەیە بڕیار بدات و هەموو فەرمانبەران چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد، بەڵام لەپڕ ئەو بڕیارە سەیرە درا، ئەمە دەستێكە و پیلانێكە دژی هەرێم و سیاسییە.
*بڕیار بوو هەفتەی پێشوو كێشەی مووچە چارەسەر بێت ئەمە بۆ رووی دا؟
هەموو دادوەرەكان لەگەڵ ئەوە بوون بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق هەڵوەشێتەوە كە دژی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەری كردبوو، بەڵام نەیانویست ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت، بۆیە هەستان بە دەستلەكاركێشانەوەیە و باس لەوەش دەكرێت گوشارێكی زۆریان لەسەر بووە، بۆ ئەوەی كێشەی گەورە لە ناوخۆی هەرێم دروست بكرێت، هەروەها باس لە هەڕەشە لەسەر ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان كراوە، هەموو چاوەكان لەسەر دادگای فیدراڵی بوو، بەڵام ئەو هیوایەش نەما، ئەمە كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە.
*ئێستە كێشەكە تەنیا بۆ هەرێم و مووچە نییە، عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەپێشە، بەبێ بوونی دادگای فیدراڵی دەكرێت؟
لەوكاتەشدا عێراق هەڵبژاردنی لەپێشە، هەروەها ناوچەكەش بە دۆخێكی خراپ و مەترسیدار دەڕوات، ئەمە بیركردنەوە لێی زۆر قورسترە كە چۆن شتێكی لەو شێوەیە كراوە؟، هیچ هیوایەكیش بۆ چارەسەری مووچە نییە، ئەمەی بەغدا دەیكات زۆر مەترسیدارە، رەنگە حكوومەتی عێراق دژی هەرێم بڕیار بدات، هیچ روون نییە چی روودەدات؟
* دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی دادگای فیدراڵی تا چەند گرفتەكە قووڵتر دەكات؟
بەڵێ، دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی دداگای فیدراڵی كێشەكە قووڵتر دەكات و هێندەی تر ئاڵۆزی دەكات، ئێستە عێراقێكی فیدراڵ بێ دادگایە، ئەمە بۆ عێراق عەیبە و كێشەیە.
*ئەی ئەنجوومەنی دادوەری چی، ئەو دەتوانێت چی بكات؟
ئەنجوومەنی دادوەری بەرانبەر دوو بژاردەیە یان دەبێت بە زووترین كات دادگا دامەزرێنێت و ئەو دادوەرانەی كە جێگەی ئەوانی تر دەگرنەوە دیاریان بكات، یان ئەوەتا ئەنجوومەنی دادوەری خۆشی بەشێكە لەو پیلانە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، ئەوەش كاریگەریی لەسەر نەك تەنیا مووچە، بگرە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش دەبێت.
وشە/ هۆشیار عەلی