ئەكرەم ساڵح: بەغدا گێچەڵ بە هەرێم دەكات و دەیەوێت بە گوشار كێشەكان چارەسەر بكات

:: PM:04:28:08/07/2025 ‌

 

ئەكرەم ساڵح، كەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی پێشووی لقی 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەرمیان، لە دیمانەیەكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر هەوڵەكانی بەغدا بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و باس لەوە دەكات، بەغدا بەدوای ئەوەیە هەرێم پێگەی ئێستەی نەمێنێت و مووچەی كردووە بە چەكی دەستی لە پێناو ئەوەی خۆی بسەپێنێت. دەڵێت، بەغدا رێككەوتن نازانێت و ئەوەی دەیكات گێچەڵكردنە.

بەغدا بۆچی ئەو مامەڵەیە لەگەڵ هەرێم دەكات؟ 
عەقڵییەتی حوكمڕانی لە عێراق بڕوای بە سیستمی فیدراڵی و دەستوور نییە، بۆیە بەغدا بەردەوام بەهانە بە هەرێم دەگرێت هەرجارە و بە بەهانەیەك گوشارەكانی زیاتر دەكات بۆ ئەوەی پێگە و دەسەڵاتی هەرێم لاواز بكات تا ئاستی هەڵوەشاندنەوە، بەتایبەت لەم كاتەدا كە چەند جارێكە دەست بۆ بژێوی خەڵك دەبات، ئەوەش كارتێكی مەترسیدارە، پێوەستە بە ژیانی كۆی دانیشتووانەوە.

پێت وانییە ئامانجەكەی ئەوە بێت سازش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات؟
ئەوەی بەغدا دەیكات، بۆ ئەوەیە حكوومەتی هەرێم لە ژێر گوشاری خەڵكدا ناچار بە سازش و خۆ بەدەستەوەدان بكات، بێگومان لەمەدا بەهەڵەدا چووە ئەزموونی لە ڕابردوو وەرنەگرتووە، چونكە حكوومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان هەرگیز سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی ناكەن و خەڵكی كوردستان وشیارن و لە پیلانەكانی بەغدا بەباشی تێدەگەن.

كەواتە بۆچی بەغدا پابەندی رێككەوتنەكانی خۆی نابێت؟
 حكوومەتی هەرێم لەگەڵ رێككەوتن و سازانە بەشێوەیەكی هاوسەنگ لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور ئەگەر بەغدا هەر پێداگریی لەسەر هەڵویستەكانی بكات، ئەوە دیارە نیازی چارەسەری نییە و رەوشەكە بە ئاقارێكی خراپ دەبات كە ئەم جۆرە سیاسەتەش لە ڕووی ناوخۆی و نیودەوڵەتییەوە قبووڵكراو نییە.

بەغدا رێككەوتن نازانێت و نیازی خراپە، ئەمە گێچەڵكردن نییە؟
بەڵێ بەگێچەڵكردن كێشەكان چارەسەر نابێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی پێكەوەژیان و سەقامگیریی ناوخۆی نییە، بۆیە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە رێككەوتن بكرێت لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و هەلومەرجی ناوچەكە.

بەغدا دەیەوێت كورد برسی بكات، ئەمە هەوڵێكی نامرۆیی نییە؟
سیاسەتی برسیكردنی خەڵك لەلایەن بەغداوە بۆ گوشار خستنەسەر هەرێمی كوردستانە، دوورە لە هەموو ئاكارێكی سیاسی و مرۆیی و ئەمەی بەغدا دەیكات جینۆسایدە، بەڵام بەجۆریكی جیاواز لەو جینۆسایدەی كە رژێمی عێراق لە ساڵانی هەشتاكان ئەنجامی داوە بەرانبەر بە خەڵكی سڤیلی كوردستان، بۆیە  نابێت خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لێی بێدەنگ بن.

لەلایەكی ترەوە بەغدا یەکێک لە ئامانجەکانى ئەوەیە هەرێم بێ ئیرادە بكات و لە بەرانبەر پارە و مووچە خۆی بسەپێنێت؟
ئەمە روونە، بەغدا بیر لەوە دەكاتەوە كە پارە و مووچەی خەڵكی كوردستانی لە بەردەستدایە و ئەگەر نەیدات، دەتوانێت خۆی بسەپێنێت و هەرێم لاواز بكات، ساڵی رابردوویش سێ مووچەی فەرمانبەرانی نەدا، ساڵی پار مووچەیەك، ئەمساڵیش وا دوو مووچەی نەداوە، ئەمە هەموو گوشارە لە حكوومەتی هەرێم و بێ ئیرادەكردنی.


دیمانەی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم