رەسووڵ رەئووف ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"ی تیشك دەخاتە سەر كێشەكانی هەرێم و بەغدا و پێی وایە بەغدا خەڵكی كوردستانی بە مووچەوە سەرقاڵ كردووە، هەمووكات بە دوای ئەوەوە بووە كە چۆن هەرێمی كوردستان لاواز بكات، بەغدا سیاسەت و مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات و دەیەوێ هەرێم ملكەچی بڕیار و بەرژەوەندییەكانی خۆی بكات.
*ئەو هەڵسوكەوتەی بەغدا لە پێڕەوكردنی سیاسەتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران چۆن دەبینن؟
مێژوو پێمان دەڵێت كە خەونی سەربەخۆیی و نەتەوەیی هەبێت دوژمن زۆر دەبێت، عێراق هیچ رۆژێك بەو شێوەیە كە كورد دەیەوێت مامەڵەی نەكردووە، ئەو خەسڵەتەش لەناو عێراق نییە و هەركات بۆی بگونجێت دژی هەرێم كار دەكات، ماف و مووچەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە وەك ململانێی سیاسی بەكار دێت.
*ئەو دۆخە چۆن دەخوێننەوە، ئەمە گوشاركردن لە حكوومەت و سەرقاڵكردنی هەرێم نییە بە مووچەوە؟
بەغدا دەیەوێ لەو رێگەوە گوشار لە حكوومەتی هەرێم بكات و ئەمەش شتێكی باش نییە، عێراقیش دەوڵەتی دامەزراوەیی و باش نییە، بۆیە ئەو كارە دەكات، كۆمەڵێك ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن كە ئامانجیان ئەوەیە لە كوردستان بدەن و سزای هەرێم بدەن و كورد بە مووچەوە سەرقاڵ بكەن، لەو رێگەوە گوشار لە هەرێم بكەن و پابەندی بكەن.
*بۆچی بەغدا لەبری چارەسەركردنی كێشەكان مووچەی خەڵكی كوردستان بە ئامانج دەگرێت؟
ئەگەر شتێكیش هەبێت دەكرا بەغدا لە رێگەی حكوومەتی هەرێمەوە هەوڵی چارەسەركردنی بدایە، نەك ئەوەی هاتووە لە بەرانبەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەیكات و سزای فەرمانبەران دەدات، هەروەها بەغدا لە هەموو شتێك بەرانبەر بە كورد و هەرێم پاشگەز بووەتەوە، بەتایبەتی بڕگە و ماددە دەستوورییەكانی عێراق و هیچ شتێك بە رەوا نابینن بەرانبەر بە هەرێم كە لە دەستووردا هاتووە، هەموو بەغدا لە بڕیاری سیاسی خۆی دەبینێتەوە.
*مووچە بابەتێكی گرنگە و ژیانی خەڵكی لەسەر بنیات نراوە، پێت وا نییە بەغدا دەیەوێ هەرێم لاواز بكات؟
راستە، بەغدا دەیەوێ ئەو دۆخە وا لێ بكات دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە، ئەگەر بەغدا ئەوە نەكات بەرانبەر بە هەرێم هیچی لە دەست نییە، ئەوەشی دەیكات برسیكردنە، ئەمە كۆمەڵێك بەرپرسی بەغدا پێی هەستاون.
*هەرێم لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران مامەڵەی باش بوو، بەرپرسانی عێراقیش لەژێر هەژموونی لایەنێكدان، ئەمە سزادانی هەرێم نییە لەوەی كە پێیان وایە دەبوو هەرێم پاڵپشتیی ئێران بوایە؟
بەشێكی كارەكە ئەوەیە، دەیانەوێ ئەو سزایەی هەرێمیش بدەن كە بەشێوەیەكی ژیرانە لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل مامەڵەی كرد و بێلایەن بوو، بەڵام بەرپرسانی بەغدا دەیانەوێت بەو جۆرە سزای هەرێم بدەن و پێیان وایە دەبوو هەرێم پشتیوانیی ئێرانی بكردایە، چونكە كۆمەڵێك سەركردە و بەرپرسی عێراق لەژێر هەژموونی لایەنێكی دەرەكین.
*هەندێك وا وێنای دەكەن كە بەغدا لە خەمی مافی خەڵكی كوردستانە، ئەمە تا چەند راستە؟
بەغدا هیچكات ناتوانێت ئەو دڵسۆزە بێت بەرانبەر بە فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان كە حكوومەتی خۆمان هەیەتی، بەغدا سیاسەت و مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات، دەیەوێ هەرێم ملكەچی هەموو بڕیار و بەرژەوەندییەكی خۆی بكات، ئەو بۆی بكرێت شتی خراپتریش دەكات بەرانبەر بەهەرێم.
دیمانەی/ هۆشیار عەلی