دکتۆر چواس حەسەن، پسپۆڕی بواری یاسا، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ "وشە" ڕەخنەی توند لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لەبارەى پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت، ئەوەی دادگەکە دەیکات، تێکدانی دەروونی خەڵکی کوردستانە، بڕیارەکانیشی بەسیاسی کراون نەک یاسایی، ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کارێکی نایاسایی و نادەستوورییە.
وشە: ئەوەی دادگەی فیدراڵی دەیکات تا چەند یاساییە، کە هەموو هەفتەیەک پرسی مووچە دوادەخات؟
د. چواس حەسەن: خۆی لە بنەڕەتدا نابێت مووچە دوا بکەوێت یان ببڕدرێت، چونکە هەموو فەرمانبەرێکی هەرێم لە کۆتاییدا فەرمانبەری عێراقە و مووچەکەی بەپێی یاسای ڕاژەی شارستانی پارێزراوە لە هەر دەستێوەردان و بڕینێک، مەگەر بە فەرمانێکی دادگە لەو بارانەدا بێت کە یاسا دیاری کردوون. ئەوانیش ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە کەسەکەوە هەیە، نەک بە شێوەی دەستەجەمعی بێت، چونکە باری کەسی و تایبەتن. بۆیە بڕینی بەکۆمەڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کارێکی نادەستووری و نایاساییە.
وشە: بۆچی دادگەکە بابەتەکەی دواخست و خێرا بڕیاری نەدا؟
د. چواس حەسەن: دەبوایە دادگەی فیدراڵی بە زووترین کات بهاتایەتە دەست و داکۆکیی لێبکردایە و بڕیاری بڕینەکەی بە نادەستووری لەقەڵەم دابایە، نەک وەها بە خەمساردی مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەوە خاڵێکی ڕەش دەبێت بە تەوێڵی دادگەی فیدراڵییەوە.
وشە: ئەی ئەمری وەلائی چی بوو، کە بڕیار بوو مانگی ڕابردوو بدرێت؟
د. چواس حەسەن: لەلایەکی ترەوە، بابەتی ئەمری وەلائی دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا یەکلایی بکرێتەوە، وەک لە مادەکانی 150 و 151ـی یاسای دادبینیی شارستانیی عێراقدا هاتووە و دادگەی فیدراڵیش لەو بابەتەدا دەبێت پابەند بێت پێوەی، نەک بە مانگ بڕیار لەبارەیەوە دوابخرێت.
وشە: دادگە دەبێت یاساییانە کار بکات یان سیاسییانە بڕیار بدات؟
د. چواس حەسەن: بێگومان دادگە دەبێت سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە هەر دەستێوەردان و لایەنگرییەک، وەک لە مادەکانی 87 و 88ـی دەستووردا هاتووە. بەتایبەتی دادگەی فیدراڵی دەبێت زۆر بێلایەنانە کار بکات، چونکە ئەو بابەتانەی دێنە بەردەستی پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەوە هەیە و دۆخی دەستووری و یاسایی و بگرە سیاسی و ئاسایشی وڵاتیشی لەسەر وەستاوە.
وشە: ئەمەی دادگە دەیکات، تێکدانی دەروونی خەڵکی کوردستان نییە؟
د. چواس حەسەن: بێگومان و بەداخەوە، نەدەبوایە دادگەی باڵای فیدراڵی هێندە خەمساردانە لەگەڵ قووت و ژیانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی بکردایە. دادبینی دەبێت خێرا و لە کاتێکدا بێت کە ئەسڵی مافەکە و دادخواز زیانیان بەرنەکەوێت. یەکێک لە نیشانە و هۆکارەکانی نادادپەروەری بریتییە لە دادبینیی هێواش و لەسەرخۆ، بەبێ هۆکاری یاسایی و دروست.
وشە: دادگەی فیدراڵی دەتوانێت سەربەخۆیانە کار بکات؟
د. چواس حەسەن: ئەوەی لەم دەستەیەی دادگەی فیدراڵی بینیومانە، ئەوەیە کە متمانەی لەدەستداوە و لایەنگیری بە بڕیارەکانییەوە دیارە، کە وای کردووە کێشەکانی گۆڕەپانی سیاسی پتر و پڕ گرێوگۆڵتر بکات وەک لە چارەسەرکردنیان. وەک بەتایبەتی لە کەیسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە بینیومانە و ئێستاش کەیسی خۆر عەبدوڵڵا هەر بەهۆی بڕیاری دادگەوەیە کە بووەتە کێشەیەکی گەورە.
وشە: بەغدا ئامانجیەتی لەگەڵ هەرێم بەپێی دەستوور ڕێکبکەوێت یان دەیەوێت کورد لاواز بێت؟
د. چواس حەسەن: لاوازکردنی هەرێمی کوردستان مەبەستە سەرەکییەکەیە. بەغدا دەیەوێت ناوەڕۆکی فیدراڵی بەتاڵ بکاتەوە و هەرێم لە ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکانی ڕووت بکاتەوە.
دیمانەی/ هۆشیار عەلی