"بوونی مەترسی لەسەر رێڕەوی هەناردەكردنی نەوتی بەسرە وای كرد عێراق روو لە هەرێم بكات"

:: PM:09:45:22/07/2025 ‌

شەهریار شێخلەر شارەزای بواری نەوت و وزە لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و باس لەوە دەكات، دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم لە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم نەبووە، ئێستەش مەترسی لەسەر رێڕەوی هەناردەكردنی نەوتی باشوور هەیە، بۆیە عێراق دەیەوێ سوود لە پێگەی ستراتیجی و جیۆپۆلۆتیكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت بۆ هەناردەكردنی نەوت.

*بۆچی بەغدا بیانووی بە هەرێم دەگرت كە دەیزانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم كەمی كردووە و حكوومەتیش هۆكار نییە؟

رێككەوتنێكی فەرمیمان لە نێوان دوو حكوومەت هەیە كە هەر گۆڕانكارییەك روو بدات دەبێت جارێكی تر رێككەوتنی لەسەر بكرێتەوە، ئێمە دەزانین ئەو دابەزینەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەڵەی حكوومەتی هەرێم و بەرپرسیاریەتیی ئەو نەبووە، هەرچەندە بەغدا لەسەر رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە گرێبەستی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كردووە، بەڵام دەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەوە قبووڵ بكەن كە لە رووی تەكنیكیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە، بەو هۆكارە ئەوە كێشە و گرفتانەیان دروست نەكردایە و بۆ موزایەدەی سیاسی بەكارنەهێنرایەوە، بەڵام دوای هاتنی لیژنەكەی بەغدا و بینینی وردەكارییەكان و پێداگریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی كورد لەسەر مافە دەستورییەكان و مافی دارایی و مووچە، بەغدا ناچار كرا كێشەكە چارەسەر بكات.

*دەركەوت كەرتی نەوتی هەرێم شەفافە و گرنگیشە و بەغدا ناتوانێت دەستبەرداری ببێت و هیچ گومانێكیشی لەسەر دروست بكات، رۆژانە چەند بەرهەم دێت؟

نەوتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بەڵام رێڕەوەی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، هەروەها قەبارەی بەرهەمی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی هەیە، عێراق زۆر ماقووڵ نییە كە زۆر لەو گرنگی و چانسە ئابووری و ستراتیجیەی كە لە نەوتی هەرێمی كوردستان وەری دەگرێت چاو بپۆشێت.

*عێراق لە چ روویەكەوە سوود لە نەوتی هەرێم وەردەگرێت؟

گەڕانەوەی عێراق بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان، بۆ زیاتر سوودوەرگرتنە لە گرنگی و ستراتیجیبوونی ئەو نەوتەیە، نەك وەك پاڵپشتییەك بۆ هەرێم و گەشەكردنی هەرێم كە زیاتر پەرە بە نەوتەكەی بدات، ئێستە گەرووی هورمز كە مەترسی لەسەر داخرانی هەیە، بۆیە عێراق ناچارە و دەیەوێ رێگەی هەناردن لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە كە ئەوەش لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، هەر ئەمەش وای كردووە عێراق بێتەوە بۆ لای نەوتی هەرێم.

*هیچ مەترسییەك لەسەر رێڕەوی باشووری هەناردنی نەوتی عێراق كە بەسرەیە هەیە؟

ئێستە عێراق مەترسیی ئەوەی لەسەرە نەتوانرێت هەناردەكردنی نەوت لە باشوور بەردەوام بێت، یان قەبارەی هەناردەكردن دابەزێت، بۆیە پێویستیی بە رێڕەوی تری هەناردەكردن هەیە، لە رابردوو هەوڵی دا رێڕەوی ئوردەن بەكار بێنێت، بەڵام نەیتوانی، ئێستە دوو رێڕەوی هەیە، هەرێمی كوردستان لە رێی توركیا و باشوور كە سنووردارە، بۆیە بۆ گۆڕینی هاوكێشەكان و سوودوەرگرتن لە هەرێمی كوردستان، رووی كردووەتەوە هەرێم بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت.

*كەواتە بوونی رێڕەوی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان رێڕەوێكی ستراتیجییە؟

بەو هەنگاوە عێراق دەتوانێت توانای هەناردەكردنی نەوتەكەی بەرز بكاتەوە و لە یەك رێڕەو بۆ دوو رێڕەو بیگۆڕێت لە كاتە هەستیار و مەترسیدارەكان سوودی لێ وەربگرێت، بۆیە دەیەوێ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە، دەیەوێت لە رووی ستراتیجی و جیۆپۆلۆتیكەوە سوود لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم وەربگرێت، وەك گوتمان گرنگیی ئەو هەنگاوە ئەوەیە عێراق دەیكاتە دوو دەروازەی هەناردەكردنی نەوت و مەترسیی وەستانی هەناردەكردنی نەوت لەكاتی هەر كێشەیەك لە كەنداو كەمتر دەبێتەوە.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل