گۆڤەند شێروانی پسپۆڕی بواری وزە و نەوت لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر بەهێزیی رێڕەوی نەوتی هەرێم و ستراتیجیی شوێنەكە، باس لەوە دەكات ئەگەر سزای كۆمپانیای سۆمۆ بدرێت، كە چەندین راپۆرتی بەهۆی فرۆشتنی نەوتی ئێران بە قاچاخ لەسەر بڵاو كراوەتەوە، رۆژانە 220 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق دەكەوێت.
*پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و بەكوێ گەیشت؟
بەپێی قسەكانی وەزیری نەوتی عێراق، كە هەفتەی رابردوو باسی كرد، لە دوو رۆژی داهاتوو هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ دەكاتەوە، باسی لەوە كرد كە پێوەندییان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هەیە و رێژەی هەناردەكردن دیاری كراوە، ئەوكات بەرهەم 120 هەزار بەرمیل بوو، 80 هەزار بەرمیلی بۆ بەغدا و 50 هەزار بەرمیلی بۆ هەرێم دەبێت بۆ پێویستیی ناوخۆ، رۆژی رابردوو كۆمپانیای سۆمۆ رای گەیاند ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم بۆ هەناردەكردن و تەواوی ئامادەكاریی تەكنیكی و بازرگانی كراوە، دەبوو ئەمڕۆ هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە بەڵام نەكرا.
*ئەم بابەتە تەنیا لە دەستی بەغدایە؟
نەخێر، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیاكان و لایەنی توركیش لە ناو بابەتەكەن دەبوو قسەیەكیان هەبوایە، بابەتەكە چوار لایەنە، بەبێ كۆمپانیاكانی هەناردە و هەرێم كارەكە سەرناگرێت، ساڵی پاریش بە هەمان شێوە شتی لەو شێوە رووی دا، بەڵام بەو جۆرە نەبوو و كۆمپانیاكان، ئەپیكۆر رەتی كردەوە كە هیچ هاوئاهەنگی نییە.
*گرنگیی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا چیە؟
هەموان دەزانن دەست پێكردنەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ هەمووان گرنگە، راگرتنەكەش زیانە بۆ هەمووان، هەناردەكردنی لە رووی ئابوورییەوە سوودی خۆی هەیەو كرۆكی چارەسەری كێشەكانە.
*ئەو راپۆرتانەی لەسەر سۆمۆ بڵاوكراونەتەوە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە قاچاخ تا چەند مەترسیدارن؟
كۆمپانیای سۆمۆ كە نەوتی عێراق بە بازاڕ دەكات، چەندین راپۆرتی بیانی لەسەر بڵاو كرایە كە نەوتی ئێرانی بە قاچاخ بردووە و دەستی لەو كارە هەبووە، ئەوەش ئاشكرا بووە و چەندین میدیا باسیان كردووە و "رۆیتەرز"یش باسی كردووە و وردەكاریی بڵاو كردەوە، هەرچەندە سۆمۆ رەتی كردەوە لایەنی تریان تۆمەتبار كرد بەوەی لە بەندەرەكان ئەو كارە كرابێت، دەكرێت تەنیا نەوت نەبێ و چەندین كاڵای تر بە قاچاخ هەناردە كراوە كە داهاتەكەی بۆ خەزێنەی عێراق نابێت، بەتایبەت بەندەرەكانی بەسرە كە داهاتی گومرگەكانی تەنیا 10%ی رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێت و ئەوی تری بە فیڕۆ دەچێت و بۆ حزب و لایەن سیاسییەكان و گرووپە چەكدارەكان بووە.
*لەو دۆسیە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكی هەڵوێستی هەبووە؟
مەترسیی ئەوەیە ئەو راپۆرتانە زۆر بڵاوكراونەتەوە لەسەر عێراق، هەروەها وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكی چەندین سزای بەسەر كۆمپانیا و وەبەرهێنەری بیانی و عێراقی سەپاندووە كە دەستیان هەبووە لە بەقاچاخبردنی نەوت، ئەگەر ئاشكرا بوو بەرپرسانی سۆمۆ دەستیان هەبووە لەو كارە سزا بەسەر وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆش دەسەپێندرێت، بەتایبەتی لەو كاتەی عێراق هەموو داهاتی لەسەر نەوتە، بۆیە گرنگی بە هەرێم دەدات.
*ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆ سزا بدرێت چی روودەدات؟
ئەگەر بۆ یەك رۆژ كۆمپانیای سۆمۆ سزا بدرێت، زیانەكەی 220 ملیۆن دۆلارە بۆ یەك رۆژ، بەوەش گەورەترین زیانی ئابووری دەبێت بۆ عێراق، بۆیە رێڕەوی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا زۆر باشە و ستراتیجییە و لە ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت، بەغدا رێڕەوی تری دەبێت و دەبێتە خاوەنی سەرچاوەیەكی تر كە لەكاتی مەترسییەكی لەو جۆرە فریای عێراق دەكەوێت.
دیمانە/ هۆشیار عەلی