د. سامان بەرزنجی: دەرمان لە كوردستان 239 ملیار دینار داشكاندنی نرخی بۆ كراوە

:: PM:04:55:21/12/2025 ‌
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ "وشە" د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی چاكسازییەكانی وەزارەتەكەی دەكات و روونی دەكاتەوە، كە چاكسازی لە زۆرێك بەشەكانی ناو وەزارەتەكەیدا كراوە. ئاماژەیش بۆ ئەوە دەكات، ئێستە دەرمان لەژێر كۆنترۆڵە و هاووڵاتی خۆی دەتوانێت چاودێر بێت، بە جۆرێك هەر دەرمانێك مۆری حكوومەتی لەسەر نەبوو ئاگەدارمان بكاتەوە.  

لەم كابینەیەدا چاكسازی زۆرتان لە كەرتی تەندروستی كرد، گەیشتن بە كوێ‌؟
چاكسازییەكانی وەزارەتی تەندروستی لەژێر رۆشنایی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە چەندان سێكتەری ناو تەندروستی خۆی دەبینێتەوە كە نۆژەنكردنەوە، دەرمان، فریاگوزاری و یەكسانی گەیاندنی خزمەتگوزاری دەگرێتەوە، جیا لە فراوانكردنی پێوەندی لەگەڵ رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی بڕی هاوكاریی پزیشكی بۆ كوردستان كە هەموو ئەوانە بە قۆناغی جیاواز رۆیشتوون و هەندێكیان لە تەواوبووندان. ئەوەی زۆر گرنگە؛ كەرتی تایبەت لە تەندروستی هاتنەوە ژێر چەتری وەزارەتی تەندروستی و رێنوێنی جیاوازیان بۆ میلاكات و كوالێتی پێ‌ دراوە، لەم كابینەیەدا دوو یاسا دەرچوون كە یاسای مادەی هۆشبەرەكان و یاسای پاراستنی مافی نەخۆشە، ئێستەیش پڕۆژەی بیمەی تەندروستی ئامادەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیران تێپەڕێنراوە، كە تەنیا چاوەڕوانی پەرلەمانین بۆ ئەوەی بیمەی تەندروستی لە كوردستان دەست پێ بكات، هەروەها بازاڕی ئازاد بەناوی دەرمان و پێویستی تەندروستی كۆنترۆڵ كراوە، ئێستە رێنوێنی و بەكۆگاكردن و بەبازاڕكردن بە تەواوی رێكخراوەتەوە، تەنانەت ئەو دەرمانەی ئێستە دێن؛ پاڵپشتن بە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی تا دەگاتە ناو بازاڕ، ئێستە دەرمانی قاچاخ و كوالێتیی خراپ لە بازاڕ نەماوە. 

كەواتە خەڵك دڵنیا بن لەو دەرمانانەی كە بەكاری دەهێنن؟ 
ئێستە دەرمان مۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە، هاووڵاتییان خۆیان بوون بە چاودێر و لە هەركوێ‌ دەرمانی دەرەوەی كوالێتی و مۆری حكوومەت نەبوو هاووڵاتییان دەتوانن ئاگەدارمان بكەنەوە كە ئەگەر حاڵەتێكی وا هەبێت رێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر، تەنانەت ئەو نرخەی دانراوە لەسەر دەرمان دابەزاندنی بۆ كراوە بۆ 20%، هەموو ئەو دەرمانانەی لە كوردستانن 239 ملیار دینار داشكاندنی لە نرخەکەی بۆ كراوە، ئەوەیش لەپێناو هاووڵاتییانی كوردستان. 

چی لەبارەى ئایدز كراوە كە باس لەوە دەكرێت حاڵەتەكان زیادی كردووە؟ 
لە هەموو ئەو بەشانەی كە تایبەتن بە خۆپارێزی كار لەسەر ئەوە كراوە، یەكێك لە بەرنامەكانیان كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گوزراوەكانە، كە یەكێك لەوانە ڤایرۆسی ئایدزە، سەرەتا دۆزینەوەی حاڵەتەكانە دواتر پشكنین، كە ئێستە پشكنین بۆ ئایدز بووە بە رێنوێنییەكی گشتی لە زۆر شوێندا ئەو پشكنینە دەكرێت بەتایبەت ئەوانەی خوێن دەبەخشن یان ئەوانەی پشكنین بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری دەكەن، تەنانەت ئێستە سەرتاشەكان كەلوپەلی سەفەری بەكار دەهێنن بۆ ئەوەی ڤایرۆس نەگوازرێتەوە.

ئێستە پەتایەكی وەرزی هەیە لەناو خەڵكدا ئەوە وەرزییە یان كۆرۆنایە؟ 
ئێستە دوو چەماوەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەكان هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستە پەتای وەرزییە و كۆرۆناش لەسەر ئاستی دنیا بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، چونكە چارەسەرەكەیان هاوشێوەن، بەڵام ئەوانەی كە ئەو پەتایە دەچێتە خوارەوە بەشی سییەكان پێویستی بە چاودێری چڕ هەیە.

لەسەر دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان دەنگۆی زۆر هەبوون دواجار روونكردنەوەتان بۆ ئەوە چییە؟ 
هەموو دەرچووانی كۆلێژی پزیشكی دادەمەزرێن بە قۆناغی بازنەیی كە خۆیان پێیدا دەڕۆن، ساڵانە لیستی ناوەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەردەگیرێن، بۆ ئەمساڵ چوار كەس هەن كوردی رۆژئاوای كوردستانن و زۆر لە راگەیاندنەكاندا باس كران، بەڵام هەرێمی كوردستان خانەخوێ و شوێنی كوردانی تریشە، ئەوانەیشی خەڵكی هەرێمی كوردستان نین و دامەزراون لە زانكۆكانی كوردستان خوێندویانە، بۆیە ناكرێت جیاوازیان بكەین لە دامەزراندن و وەزارەتی خوێندنی باڵا كردوویەتی بە پزیشك بۆ ئێمە، بەڵام ئەوانەی باس كران بوون بە گرێبەست و بە فەرمی نین، بە شێوەیەكی گشتی هەر پسپۆڕییەك پێویست بێت بۆ نەخۆشخانەكانی كوردستان دەتوانین مامەڵە لەگەڵ پزیشكی بیانی بكەین و لێرە خزمەت بكەن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم