دوو ڕێگەمان لە پێشە یەكەم سەركەوتن و دووەمیش هەر سەركەوتن

:: PM:04:06:25/01/2026 ‌
ساریا عەفرینی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی حەسەكە و فەرماندەی گشتیی یەكینەكانی پاراستنی ژنان، لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بۆ رۆژنامەنووس محەمەد رەئووف قسە دەكات و رای گەیاند، دوژمن ئەگەر توانای هەیە با بێتە خاكی كوردستان.

•موراڵی ئێوە چۆنە دوای ئەو هەموو پەلامارەی سەرباز و چەكدارانی حكوومەتی كاتی سووریا؟

لە دەستپێكدا سڵاو بۆ گەلی خۆمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەنێرین بەتایبەت باشوور كە ئێمەی بەتەنیا جێنەهێشت، پشتگیریی گەورەیان كردین و سنووری دوژمنانیان بەزاند، ئێمە ئێستە لە حەسەكەین لەسەر رێگەی شەدادییە و بەرەو رەقەین، پێشتر دەمی سەختمان دەرباز كرد، ساڵانێكی زۆر شەڕی داعشمان كرد كە ئەو هێزەی ئێمە شەڕمان دەكرد مەترسی بوون بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی، ئێمە وەك رۆڵەكانی كورد فیداكاریمان كرد و ئەو هێزەمان تێكشكاند، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندی خۆیان ئێمەیان بەتەنیا بەجێهێشت، جارێكی تر دەیانەوێت داعش لە رێگەی جۆلانییەوە زیندوو بكەنەوە. ئێمە وەك هێزی ژنانی كورد هیچ جارێك سەرمان نەوی نەكردووە، ئێمە لە هەموو كاتێكدا بەپرسیاری پاراستنی خاكی خۆمان بووین و ئێستەش دەبین، ئێستە بۆ بەرگریی لە خاكی كوردستان ئامادەین و بەرگری دەكەین و خاكی خۆمان دەپارێزین، بەداخەوە رووبەڕووی داعش و ناسیۆنالیستی عەرەبی و خێڵەكی بووینەتەوە. دوژمن پێی وایە لەم شەڕەدا سەركەوتووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێمە لەسەر خاكی خۆمانین و ئەم خاكەشیان لێ دەكەینە گۆڕستان، ئێمە فێرین ژیانێكی بێ روومەت قبووڵ ناكەین و مۆراڵمان گەلێك بەرزە، ئێمە هیچ رێگەیەكمان لە بەردەستدا نییە جگە لە سەركەوتن و ئەگەر سەر نەكەوین، وەك دەنیز كۆتایی بەژیانماندا دێنین.

•باسی ئەوەت كرد پێشتر شەڕ نەبوو لە رەقە و دێرەزوور، ئێوە لێرە لە ناوچە كوردییەكان تا كۆتایی شەڕ دەكەن؟
دوژمن ئەگەر توانای هەیە با بێتە خاكی كوردستان، ئەگەر باوەڕی بەخۆیەتی بابێت، ئەم خاكە دێرەزوور نییە و رەقەش نییە، ئەمە خاكی كوردستانە تێیدا كورد هەیە، ئێمە دەزانین كەس ناتوانێت لێرە دەرباز بێت، ئێمە لە رەقە و شەدادییەش شەڕمان كرد، بەڵام خاكی خۆمان نەبوو، خەڵكی ناوچەكەش دژمان كەوتنەوە و پشتگیریی نێودەوڵەتیش بۆ شەڕەكەمان لەوێ نەبوو، بەڵام لە كوردستان كۆتاییە، ئەگەر توانایان هەیە با بێن، ئێمە هێز و خەڵكی خۆمان هەیە و لەم خاكەدا چەقیوین و هەڵناكەنرێین.

•لە چەپەری بەرگریی ژنانی كورد زۆر هەن؟

لە هەر سەنگەرێكدا ژنێك هەیە، هەر ژنێكیش دەنیسێكە، هەر كەس دەیەوێت تاقی بكاتەوە با بێت، ئێرەی بۆ بكەینە گۆڕستان، ئێستە ئاگربەست هەیە، بەڵام ئێمە بڕوایان پێ ناكەین، ژنان و پیاوانی كورد لە هەموو لایەك هەن و بەرگریی گەورە هەیە و چەك و جبەخانەی زۆرمان هەیە، تونێلی گەورەمان هەیە كە دەتوانین بەرگریی گەورە بكەین.

•لەبارەی بڕینی كەزێی ژنانی كورد چی دەڵێت؟

ئەو رەفتارە نامرۆڤی ئەو هێزانە پێشان دەدات كە چەند لە ژنی كورد دەترسن، چەند تاریكپەرستن، نەك تەنیا كەزی ئێمە، تەنیا دەستبردن بۆ ئێمە حەرامە و هەرگیز قبووڵكراو نییە، ئەمە پەیمانی ئێمەیە، ئێمە لە دوای فیشەك و كڵاشینكۆفەكانمان، چەند نارنجۆكێمان هەیە، ئێمە وا پەروەردە كراوین دواین نارنجۆك بۆ خۆمانە و نایەڵین بكەوینە دەست چەتەكانەوە و خۆمان دەكوژین، ئێمە ژنی كوردین، پێشەنگی دنیا دەكەین، كەزی و چەك و نارنجۆك شەرەفی ئێمەیە و بەگری لە ژنێتیی خۆمان دەكەین.

•چیت هەیە بۆ كوردانی هەموو پارچەكانی تر و دنیا كە ئێستە پشتگیریتان دەكەن و تێدەكۆشن؟

لەم هەلومەرجەدا ئێمە قەرزاری گەلی خۆمانین لە هەموو شوێنێك و بۆ ئێمە تێدەكۆشن، ئەوەش نیشانی یەكێتیی گەلی كوردە، هەموو وەك یەك بۆ مافە رەواكانی كورد تێدەكۆشن، ئەوەش خەونی چەندان ساڵەمان دێنێتە دی كە بەردەوام خەونمان بە یەكگرتوویی كوردەوە دەبینی، ئێستە ئەوە هاتووەتە دی كورد هەمووی یەكدەنگە، ئەركیان سەختر كردین و سوپاسیان دەكەین و ئەوان هێز و موراڵیان پێداین.

•سۆزی ئێوە چییە؟

سۆزی ئێمە ئەوەیە یان سەركەوتن یان سەركەوتن، لە دەرەوەی ئەوە هیچ رێگەیەكی تر نییە.



وشە - سۆران عەزیز