سەركەوت جەلال خەلیل بەڕێوەبەری بانكی ئیسلامی عێراقی لقی هەولێر، لەو چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ "وشە" باسی كار و وردەكاریی چالاكییەكانی بانكەكە دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بڕیاریان داوە ئامێرەكانی راكێشانی پارە زیاد بكەن، هەروەك دووپات لەوە دەكاتەوە كە لە تەواوی شارەكاندا بەشدارانی هەژماری من دەتوانن لەو بانكەدا سوودمەند بن.
سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ دەكەم كە دەكرێت بانكەكەتان و ئەو خزمەتگوزارییانەی هەن بە خەڵك بناسێنێ بە تەواوی؟
بانكی عێراقی ئیسلامی لە ساڵی 1993 دامەزراوە لە بەغدا و لە ساڵی 2013 لقی لە هەولێر كرایەوە، تا ئێستە كار دەكات و ئێستە 19 لقی لە سەرانسەری عێراق هەیە كە ژمارەیەكی زۆر خزمەتگوزاری بانكی پێشكەش دەكات.
ئێوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری منن، تەنیا بۆ خانەنشینی یان تەواوی فەرمانبەرانیش لای ئێوە تۆمارن؟
بانكی عێراقی ئیسلامی هەموو خزمەتگوزارییەكی بانكی پێشكەش بە كۆمپانیاكان و هەروەها داودەزگا حكوومەتییەكان و ناحكوومییەكان دەكات، جیا لە دروستكردنی كارتی بانكی و ناردن و وەرگرتنی پارە بۆ دەرەوە، هەروەها كردنەوەی حیساب و هەژمار لە جۆری شەریعەتی ئیسلامی و پشتگیری بۆ كونسوڵگەكان و باڵوێزخانەكان لە بەغدا لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری بانكەكەدایە.
لەبارەی خانەنشین دەمەوێ پرسیار بكەم كە ئێستە چەند كارتی خانەنشینی لای ئێوە دەرچووە؟
بانكەكە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشداریی كرد بە مووچەی خانەنشینی و سڤیل و سەربازی ئاسایش و ناوخۆ و هەندێك لە فەرمانبەرانی مەدەنی، ئێستە زیاتر لە پێنج هەزار و 300 هەزار لە هەولێر و 30 هەزار لە دهۆك و 13 هەزار كەس لە سلێمانی مووچە لە ڕێگەی ئەم بانكەوە وەردەگرن.
هەندێك گلەیی لەوە دەكرێت كە ئای تی ئێمتان كەمە، هیچ پلانێكتان هەیە بۆ زیادكردنی ئەو ئای تی ئێمانە؟
لەگەڵ هەژماری من گفتوگۆ بەردەوامە بۆ دابینكردنی جێگەی تر بۆ دانانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، كە لەم مانگەوە ئامێرەكانی ئای تی ئێم زیاد دەكرێت، بە جۆرێك لقی سەرەكی سێ ئامێر و بەرانبەر هۆتێل كریستاڵ و شەقامی 100 مەتری بەرانبەر مزگەوتی خەدیجە كوبڕا، هەروەها لە گەڕەكی منارە و بەحركە و كۆیە و قوشتەپە و عەنكاوە، جگە لە ئامێرە كۆنەكان كە ئێستە لە زۆربەی شوێن هەن.
دیمانەی فەیسەڵ شێخانی