نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، د. نەدا مێرگەسۆری، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا باس لە سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتیی كورد دەكات بەرانبەر هێرشی تیرۆریستانە بۆ سەر كوردستان و ددان بەخۆدا گرتن.
كوردستان لە كاتێكدا بێلایەنە لە جەنگ بۆ ئێران، گرووپەكان بۆچی هێرشی دەكەنە سەر؟
هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی دروستی لەم کە جەنگەی لە ناوچەكەدا هەیە گرتووەتە بەر، بەڵام بەداخەوە لەلایەن ئێران و میلیشیا و گرووپە چەكدارەكان بە درۆن هێرش دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، كە لەم هێرشە زاڵمانەی ئەواندا تا ئێستە پۆلێك شەهید و بریندارمان داوە و زەرەری مادیش بەر خەڵكی هەرێم كەوتووە، ئەوان هێرشمان دەكەنە سەر، چونكە هەرێم خۆی دوور گرتووە لە ئەجێندای ئەوان و نایەوێت ببێتە داردەستی میلیشییاكان بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای تێكدان و شلەژاندنی ناوچەكە، ئەم گرووپانە عێراقیان خزاندووەتە ناو شەڕێك كە هی ئەو نییە و پێویستیش نییە عێراق بكەنە لایەنێكی ئەو شەڕە.
ئامانج لە بۆردمانی كوردستان چییە؟
ئامانج لە بۆردمانكردنی هەرێم تەنیا نانەوەی پشێوی، تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی هەرێم و رێگریكردنە لە پێشكەوتنی هەرێم، چونكە ئەوان چاویان بە پێشكەوتن و ئاوەدانی هەرێم هەڵنایەت، ئەوان بە هەموو جۆرێك دژایەتیی هەرێم دەكەن، چونكە هەرێم لەسەر رێگە دروستەكەیە.
سیاسەتی سەركردایەتیی كورد لەم كاتەدا چۆن دەبینی لە ددان بەخۆدا گرتن لەو دۆخەی هەیە؟
هەرێمی كوردستان باشترین سیاسەتی گرتووەتە بەر و ئەم خۆپارێزی و ددان بەخۆدا گرتنەی هەرێم، كوردستان و خەڵكەكەش لە زۆر پیلانی زاڵمانەی تری پاراستووە كە بێگومان ئەگەر هەرێم ئەو سیاسەتەی نەگرتبا بەر، ئێران زیاتر و زیاتر رێگەی بە خۆی دەدا هێرشی وێرانكەری تر ئاراستەی هەرێم بكات، هەرچەند ئەوەی تا ئێستەش ئێران كردوویەتی لە ئاستی نێودەوڵەتی پێچەوانەی پرنسیپی دراوسێیەتییە.
پاڵپشتیی دەوڵەتانی عەرەبی و ئەوروپا چۆن هەڵدەسەنگێنیت بۆ بەردەوامی لەگەڵ كوردستان؟
وڵاتانی كەنداو و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی هەڵوێستی ئەرێنییان هەبووە بەرانبەر بەو هێرش و دەستدرێژیانەی بەسەر ئاسایشی هەرێم هەبووە، بە جۆرێك كە دەكرێ بڵێین هێشتا هەڵوێستی ئەوان ئەرێنیتر و كاریگەرتر بووە لە هی حكوومەتی عێراق.
عێراق دەوڵەتە بۆ هیچ هەنگاوێكی كرداری دژی تیرۆریستان نییە؟
عێراق وەك دەوڵەت و وەك حكوومەتەكەی گیری خواردووە، رەنگە حكوومەت بیەوێت خۆی بێ لایەن بكات لەم شەڕە، بەڵام گرووپەكان كە هێز و دەسەڵات و چەكیان هەیە لەناو جومگەكانی دەسەڵاتی عێراق و حەشدی شەعبی خۆیان خزاندووەتە ناو شەڕەكە و عێراقیان پەلكێشی شەڕ كردووە بە راشكاوانە لایەنگری ئێران دەكەن و شەڕیان دژی ئەمەریكا راگەیاندووە، بۆیە حكوومەتی عێراق لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم كردارە تیرۆریستییانەی دەكەنە سەر هەرێم.
هەڵەبجە / عەزیز هەورامی