ئاوی كەركووك شیاوی خواردنەوە نییە و كێشەكان لەو شارەدا دەتەقنەوە

:: PM:05:49:12/04/2026 ‌
رێكخراوی "گریندی زێرد" لە كەركووك مەترسییەكی لەسەر منداڵانی ئەو شارە بڵاو كردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زیاتر لە 300 منداڵی ئەو شارە تووشی نەخۆشیی گورچیلە بوونە، بوشرا محەمەد زەكی یەكێك لە سەرپەرشتیارانی تیمی ئەو رێكخراوەیە و لە ڕێی "وشە" مەترسییەكەی ئاشكرا كرد كە ئاوی كەركووك بۆ خواردنەوە ناشێ‌.
 
بەپێی بەدواداچوونەكانتان چ مەترسییەكتان بۆ دەركەوتووە؟
ئێمە ماوەیەكی زۆر لە كەركووك و بە تایبەت لە سنووری پەنجاعەلی كارمان كردووە، لەگەڵ قوتابخانە سەرەتاییەكاندا كاری هاوبەش، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، تەندروستی، دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاریمان هەبووە، بەڵام یەكێك لەو مەترسییانەی كە هەست پێ كراوە و تۆمار كراوە زیاتر لە 300 منداڵ تووشی نەخۆشیی گورچیلە و میزڵدان بوون، كە دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەركەوتووە هۆكارە سەرەكییەكە ئەوەیە ئاوی كەركووك بە كەڵكی خواردنەوە نایەت و پاك نییە، بەتایبەت ئەوەی لە قوتابخانە و ماڵەكاندا دەركەوتووە، ئاوەكە پڕ لە كلس و قوڕ و لیتەیە، هەروەها لە زۆربەی گەڕەكەكانی كەركووك شەقامەكان قیرتاو نییە و ئاوی كەركووك لەگەڵ پاشەڕۆ تێكەڵ بووە كە بووەتە هۆی نەخۆشیی پێست لەناو خەڵكی شارەكەدا. 

لە ئەنجامی بەدواداچوونەكانتان هەر ئەوەتان بۆ دەركەوتووە؟ 
نەخێر ئێمە كارمان لەسەر زۆر پڕۆژەی تر كردووە، لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتی چەندان پڕۆژە جێبەجێ كراون، دەركەوتووە كە كۆمەڵێك كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە كە تا ئێستە خەڵكی شارەكە پێوەی گیرۆدە بوون.

مەترسیتان هەیە ئەو كێشانە روو لە زیادبوون بكەن؟
بە دڵنیاییەوە ئەگەری تەقینەوەی كێشەكان لە كەركووك هەیە، ئەگەر ئاراستەی چارەسەری نەگیرێتە بەر و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شارەكە روو لە بەرزبوونەوە نەكرێت، چونكە ژمارەی هاووڵاتییانی كەركووك زۆر زیاترە لەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانەی هەیە و دەیان كێشەیش روو لە شارەكە دەكات. 

داواكاری ئێوە چییە؟ 
خێزانی كەركووك مافی ئەوەیان هەیە ژیانێكی ئاسایی بژین، ئێستە ئەو مافەیشیان بۆ دابین نەكراوە و هیچ پڕۆژەیەكی ئەوتۆ لەوشارەدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێ‌ لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دوو كۆڵان قیرتاو دەكرێت، بۆیە دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە خزمەتی كەركووك و بە دیاریكراوی گەڕەكی پەنجاعەلی بكرێت.


وشە - وشه‌