ستراتیجی هەڕەشە و دانوستان بۆ كەمكردنەوەی نرخی نەوته

:: PM:01:08:07/05/2026 ‌
لە نێوان بۆردمانی دامەزراوەكان و دەرفەتی گفتوگۆ و دانوستان، ستراتیجی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر ئێران، لەسەر هاوكێشەیەك وەستاوە كە دەیەوێ ئاڵۆزی و گرژی سەربازی و كرانەوە بە ڕووی دانوستانەكان، لە هەمان كاتدا وەك ستراتیجێكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی تەنگژە پەرە پێ بدات، ئەو جۆرە دژییەكە لە هەڕەشەی سەربازی و دانیشتن و دیپلۆماسییەت، وەك دەیڤد شنكەر یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ "سكای نیوز عه‌ره‌بی" باسی دەكات، تایبەتمەندی و خەسڵەتێكە بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی تەنگژەكان، لە دۆسیەی ئێران و تەنگژەكانی تری ناوچەكەیش بە گشتی.

شنكەر ئەو جۆرە لە گوتارە دووسەرییەی ترەمپ وەك بەڵگەیەك بۆ بوونی كێشە لە ناو حكوومەتی ئەمەریكا نابینێت، ئەو قسەی بۆ "سكای نیوزی عەرەبی" كردووە و دەڵێ، سەرۆكی ئەمەریكا هەندێك جار باس لە بۆردمانكردنی ژێرخان و تۆڕی وزەی ئێران و فراوانكردنی بۆردمانەكان دەكات، لە هەمان كاتدا باس لە درێژەدان بە دانوستان و دانیشتنەكان لەگەڵ ئێران دەكات.

ئەوە شێوازی تایبەتی ترەمپە لە دوای دەستكردن بە بۆردمانەكان لە كۆتایی مانگی شوبات/فێبرایەرەوە، ئەو دەیەوێ هەڕەشەی سەربازی و گوشاری سیاسی هاوتەریبی یەكتر بكات و دەرگەیش بۆ دانوستانەكان دانەخات، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو شێوازە مامەڵەكردنەی ئەمەریكایش بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتە مەترسیدارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كێشەی ئابوورییە لە دنیا، بەمشێوەیە دەیەوێ كۆمەڵێك كێشە لەیەك كاتدا چارەسەر بكات.

بەهۆی نەبوونی وردەكاری ڕوون لەبارەی ئەگەری هەر ڕێككەوتنێك، شنكەر دەڵێ، ئەو زانیارییانەی لەبارەی ڕێككەوتن بەردەستن، پێوەستە بە هەڵگرتنی سزاكانی ئەمەریكا و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران كە ملیاران دۆلارە، بەڵام دووپات لەوە دەكاتەوە كە وردەكاریی تەواو بۆ بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی ڕێككەوتنەكە بوونی نییە.

زیاتر گوتی، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمە ڕێ بۆ كۆمەڵێك ڕێوشوێنی تر خۆش دەكات، بەڵام سازشكردنی ئێران لەسەر دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە و گومان لەسەر ئەوەیش هەیە كە ئێران سازشی تەواو بكات.

شنكەر دەڵێ، گوشاری ئابووری بۆ سەر ئێران زۆر گەورە و بەهێزە، بە تایبەت دوای سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران، تاران لە ژێر گوشارێكی زۆر گەورە و ڕێوشوێنی ئابووری زیاترە بۆ قۆناغی داهاتوو، تا بەرگەی ئەو سەختییانە بگرێ كە ئێستە ڕووبەرووی دەبێتەوە.

ئامانجی ئەمەریكی لە گۆڕینی ڕژێمەوە بۆ بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران گۆڕاوە، چونكە لە سەرەتا ویست و گفتوگۆی ئەمەریكا بۆ گۆڕینی ڕژێم بوو، بەر لەوەی دواتر گۆڕانی بەسەردا بێ و سەرنج بخرێتە سەر دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆم، دۆسیەكانی تری وەك بەرنامەی مووشەكی بالیستیك و پشتیوانی ئێران بۆ گرووپە بەكرێگیراوەكانی و دەستهەڵگرتنی تاران لەم دوو دۆسیەیەیش، داوایەكی سەرەكی واشنتن بوون، بەڵام ئێستە بە ئاستێكی بەرز سەرنجی لەسەر ئەو دوو دۆسیەیە نییە.

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك دەڵێ، سەرۆكی ئەمەریكا لەو بڕوایەدا بوو جەنگەكە ماوە كورت دەبێ و زوو یەكلا دەبێتەوە، بەڵام ئێستە لە ژێر گوشارێكی زۆردایە، بە تایبەت بەهۆی پشتیوانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بەشێوەیەكی سەرەكی لە توانای ئاسمانی و بەرگری و بەكاربردنی زۆرینەی جبەخانەی ئەو دوو وڵاتە لە دوو مانگی جەنگ، ئەمە وایكرد كە ئەو دوو وڵاتە واز لە ئامانجە گەورەكە كە گۆڕینی ڕژێمە بهێنن، چونە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ئەوە كارێكی زۆر قورسە.

لەبارەی دیداری ترەمپ و شی جینپینگی سەرۆكی چین، دەبێتە دەرفەتێك بۆ بەشداری پەكین لە دۆزینەوەی چارەسەری داهاتووی تەنگژەكە، بە تایبەت چین كڕیاری 90%ی نەتی ئێرانە و ئەمەیش وایكردووە كە بتوانێ گوشاری زۆر لەسەر تاران دروست بكات، بەڵام چین تا ئێستە ڕەتی كردووەتەوە ڕۆڵی ناوەندگیر لە نێوان هەردوولا بگێڕێت، پشتڕاستی ئەوە دەكاتەوە كە ئەو هاوپەیمانی ئێرانە و دەیەوێ جەنگ دژی ئەو وڵاتە ڕابگیرێت.

پەكین پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆی پێشكەشی ئێران نەكرد، بەڵام پشتیوانی هەواڵگری خستە بەردەمی تاران، هەر قسەیەك لەسەر ناردنی چەك لەلایەن چینەوە بۆ ئێران، گوشار و كێشە لەسەر پێوەندییەكانی پەكین و وڵاتانی كەنداو لە سەرووی هەموویانەوە ئیمارات دروست دەكات، چالاكترین ڕۆڵ كە چین دەتوانێ بیگێڕێت، گوشاری زیاترە لەسەر ئێران، تا ناچاری سازشكردنی زیاتری بكات بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز.

واشنتن بەهۆی تەنگژەكەوە كەمتر تووشی گرفتی ئابووری بووە، بەهۆی كەمی پشتبەستنی بە وزە بە بەراورد بە وڵاتانی تر، سەرەڕای ئەوەی كەمێك گوشار لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵئاوسان بوونی هەیە، لە تەك ئەوە واشنتن دەتوانێ بەردەوام بێ لەسەر گەمارۆی دەریایی، لە كاتێكدا ئێران بەرهەمی نەوتی تووشی تەنگژەی گەورە بووە و لە ناوخۆ گوشاری زۆر زیاتری لەسەر دروست بووە.

ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی كارتی "كات" بە دەست ئەمەریكاوە بێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەنگژەكەدا، ئەمە تایبەتمەندییەكی گەورەی بە ئەمەریكا داوە، بەڵام ڕەنگە دواجار سەرۆكی ئەمەریكا ئارامیی نەمێنێت و نەتوانێ زۆرتر چاوەڕوان بێت.

لەبارەی پرۆسەی بڕیاردان لەبارەی جەنگ و ئاشتی لەگەڵ ئێران، شنكەر دەڵێ، سەرۆك ترەمپ خۆی دۆسیەكە بە سەربەخۆیانە و دوور لە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا بەڕێوە دەبات، ئەو ئێستە گرنگی بە هاوپەیمانە ئەوروپیەكان نادات، دوای ئەوەی داواكانی ئەمەریكایان ڕەت كردەوە، كۆمەك و یارمەتی لۆجستی پێشكەشی ئەمەریكا بكەن و سەرۆك تەنانەت ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە كەنداویش ناكات.

بڕیار بە تەواوی ئەمەریكییە و واشنتن دەیەوێ تاكە ئامانجی بەدەست بهێنێت، ئەویش ڕێگرتنە لەوەی ئێران بەردەوام بێ لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، سەرەڕای ئەوەی لێكەوتە ئابوورییەكان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، ناوچەكە بەرەو گرفتی گەورەی ئابووری دەبات، بەهۆی داخستنی بەردەوامی گەرووی هورمزەوە.

ئیسرائیل كە هاوبەشی ئەمەریكایە لە جەنگەكە، دواجار پابەندی ئەو بڕیارانە و ئەو شتە دەبێت كە ترەمپ دەیەوێت، چونكە بەردەوامیی جەنگ خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ناكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د