نەوەی نوێ‌ هیچی نەماوە

:: AM:09:14:06/07/2026 ‌
سێبور خالید مەنتك بەرپرس لە نەوەی نوێ،‌ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە"دا دواین زانیاری لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕیزەكانی نەوەی نوێ‌ ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئێستە ئەو جووڵانەوەیە هیچی بەسەریەكەوە نەماوە و ئەوەی هەیە چەند پەرلەمانتارێكە هیچی تر.

دوای وازهێنانی ئێوە، هیچ كەسێك لە نەوەی نوێ‌ پێوەندیی پێوە نەكردوون بڵێن ئێوە بۆ وازتان هێنا؟
نەوەی نوێ‌ ئێستە وەك پڕۆژەیەكی حزبی نەماوە، بەڵكو پڕۆژەیەكە شاسوار بۆ خۆی و بەرژەوەندییەكانی بەكاری دەهێنێت، بۆیە كەس پێوەندیی نەكردووە.

ناڕەزایەتی تەنیا ئێوەن لە رێككەوتنی نەوەی نوێ‌ و یەكێتی؟
تەواوی ئەندامان و پەرلەمانتاران و خۆبەخشانی نەوەی نوێ‌ بە تەواوی ئەنجوومەنی جووڵانەوەكەش، كەس بەم رێككەوتنە ڕازی نییە، بەڵام بەشێكیان بەهۆی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان تا ئێستە هیچ قسەیەكیان نەكردووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

ئێوە بە چیی ئەو رێككەوتنە نیگەرانن و ناڕازین؟
ئێمە ئەگەر بمانویستایە ببین بە یەكێتی، بە دەستی یەكەم ئەو كارەمان دەكرد نەك شاسوار بەدەستی دوو بمانكاتە یەكێتی و ئێمە بە یەكێتی بفرۆشێت، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك بەم رێككەوتنە ڕازی نین و ئامادەش نین بچینە رێككەوتنێك لە زیندان بەزۆر پێی كراوە.

ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە كەس خوێندوویەتییەوە یان كەس لە نەوەی نوێ‌ زانیاریی لەسەر هەیە؟
جگە لە شاسوار، كەس نازانێت ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە چییە و ئەوەشی باس دەكرێت هیچی فەرمی نییە، بۆیە ئەو رێكككەوتنە رادەستبوونی نەوەی نوێیە بە یەكێتی و لە پێناو چەند بەرژەوەندییەكی تایبەتی كەسی و هیچی تر.

نەوەی نوێ‌ و رێكخستنەكانی لە هەولێر ئێستە چۆن كار دەكەن؟
ئێستە نەوەی نوێ‌ جگە لە پێنج پەرلەمانتارەكەی، هیچ شتێكی بەناوی رێكخستن نەماوە، من وەك بەرپرسی رێكخستنەكانی نەوەی نوێ‌ دەڵێم، نەوەی نوێ‌ ئێستە هیچی نەماوە و تەنیا چەند پەرلەمانتارێك و چەند كەسێك بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو حزبە ماون.

جووڵانەوەك لە سەرەتاوە وەك ئۆپۆزسیۆن خۆی پێشان دەدا، ئێستە چی؟
ئێستە بەهۆی بەرژەوەندیی كەسی بووەتە هاوبەشی یەكێتی، بۆیە ئەو جووڵانەوەیە لەگەڵَ ئەو رێككەوتنە هیچی نەماوە تا خزمەتی خەڵكی پێ‌ بكات، تەواوی پەرلەمانتاران و كەسانی باڵای ناو ئەو حزبە ناڕازین و ئامادە نین بەم رێككەوتنە پابەندبن، بەڵام جارێ‌ هەندێكیان بەهۆی بەرژەوەندییەكانیان قسەیان نەكردووە.


وشە - رامیار جەواد