⁠ نۆرەگرتنی جووتیاران بۆ رادەستكردنی گەنم نەماوە و لە 24 سەعاتدا لێیان وەردەگیرێت

:: PM:04:57:26/07/2026 ‌
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" میران بەختیار بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێ‌، كێشەی جاران نەماوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك جووتیاران لە نۆرگرتن بن، ئێستە لەماوەی 24 سەعات گەنمەكانیان وەردەگیرێت، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كابینەی نۆیەم گرنگییەكی زۆری بە سایلۆ داوە و ئەوەیش ئاماژەیەكی گرنگە بۆ سەرخستنی كەرتی كشتوكاڵ.

 بۆ ئەمساڵ چەند لە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێتەوە و هەڵدەگیرێ؟
لە سنووری پارێزگای هەولێر 122،680 هەزار تۆن لە جوتیارانی سنووری هەولێر وەردەگیرێت و هەروەها 65،732 هەزار تۆن لە ناو پلان و  4،533 هەزار تۆن لە دەرەوەی پلان لە هەردوو بنكەی كشتوكاڵی دیبەگە و گوێر وەردەگیرێت كە كۆی گشتی دەكاتە زیاتر لە 192،936 هەزار تۆن ئەو بڕە لە سایلۆكانی هەولێر و قوشتەپە و گۆڕەپانی كۆیە وەردەگیرێت .

كێ‌ پارەی ئەو گەنمەی جووتیاران و بە چ میكانیزمێك دیاری دەكرێت؟ 
 پارەی گەنمی جووتیاران لە لایەن بەغدا دابین دەكرێت و ساڵانە بە چەند گوژمەیەك خەرج دەكرێت و سەبارەت بە چۆنییەتی دابەشكردنی پارەكە لەسەر بنەمای ڕیزبەندییە واتا لەو ڕۆژەی رادەستكردنی گەنمەكەی لە سایلۆ، بەو ریزبەندییە پارە دابەش دەكرێت لە پەیجی سایلۆ رێزبەندییەكان بڵاو دەكرێتەوە لە كاتی دابەش كردنی چەك بۆ بەرچاوروونی بۆ جووتیاران و شەفافیەتی پرۆسەكە .

بۆچی بەردەوام جووتیاران نرخەكەیان لا كەمە؟
لە چەند ساڵی رابردوو هەر تۆنێك گەنم بە 850 هەزار وەردەگیرا بەڵام لەم ساڵدا بەغدا پارەكەی كەم كردەوە بۆ 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك لە ناو پلانی كشتوكاڵی و 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی  .

پێوەندیتان لەگەڵ شارەكانی تری عێراق چۆنە؟ 
⁠لەگەڵ كۆمپانیای گشتی دانەوێلەی عێراق پێوەندیمان زۆر باشە و تارادەیەكی باش هاوئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ سایلۆكانی تری عێراق .

ئایا سایلۆ بە تەنیا توانای عەمباركردنی هەیە؟ یان لە كوردستان پێویستمان بە سایلۆی زیاتریش هەیە ؟ 
لە سنوری پارێزگای هەولێر چەند ساڵێك پێش ئیستە یەك سایلۆ هەبوو، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی كابینەی نۆیەم سەرۆكی حكوومەت لە خەمخۆریان بۆ كەرتی كشتوكاڵ توانرا لە ساڵی 2024 سایلۆی قوشتەپە بكرێتەوە كە ئەمەش گرنگیەكی زۆری هەیە بۆ جووتیارانی سنوری پارێزگای هەولێر، لە كۆیە گۆرەپان هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ئەم سنوورە لە ئیستادا لە دوو سایلۆ و گۆرەپانێك گەنمی جوتیاران وەردەگیرێت وە هەروەها لە ئێستودا رەزامەندی دراوە بۆ دروست كردنی سایلۆ لە كۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادكردنی عەمباری یاسایی گەنم.

 لە كابینەی نۆیەمدا تارادەیەكی زۆر گرنگی بە كردنەوەی سایلۆ دراوە و لە چەند ناوچەیەكیش دروست كران، بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەوە چییە ؟ 
لە كابینەی نۆیەمدا بەتایبەت لەلایەن سەرۆكی حكوومەت گرنگییەكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراك دراوە، بۆیە گرنگی زۆر بە دروستكردنی سایلۆی زیاتر دراوە، سایلۆی هەڵەبجە بەرەو تەواوبوونە و فەرمانی دروستكردنی سایلۆی كۆیە دەرچووە و لەماوەیەكی نزیك دەست بەكارەكانی دەكرێت، هەروەها سایلۆ زاخۆی لەدروستكردندایە .

سایلۆی هەولێر پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە؟
لە ساڵی 2024 توانیومانە زۆرێك لە كەم و كورییەكان لە سایلۆ چاكبكرێتەوە لەسەر ئەستۆی حكوومەتی هەرێم، بەڵام هەندێك كێشەی تر ماوە دەبێت ئەوانیش چارەسەر بكرێن سەرەرای ئەوەی لە بەغدا داوای كەلوپەلی یەدەك و هەروەها دروست كردنی (پەنكەر) كۆگای عەمبار كردنی كۆنكریتی كراوە هاوشێوەی سایلۆكانی تری عیراق .

چەند ساڵە كێشەیەك هەبوو كە ماوەی چەند رۆژێك دەبوو چاوەرێ‌ بكرێت تا گەنم رادەست دەكەن ئەمساڵیش ئەو كێشەیە هەیە؟
لە وەرزی وەرگرتنی گەنم لە ساڵی 2024 توانیمان میكانیزمێكی نوی پەیڕەو بكەین لە بارەی نۆرەگرتن و وەرگرتنی گەنم بۆیە لەگەڵ پەیرەوكردنی ئەم میكانیزمە نۆێیە لە ئیستادا ئەو رۆژەی جوتیار سەردانی سایلۆ دەكات هەمان رۆژ و كەمتر لە 24 سەعات گەنمەكەی لە سایلۆ لێوەردەگیرێت بە مەرجێك هیچ كێشەیەك لە نوسراوی پشتگیری كشتوكاڵەیەی نەبێت.

هەولێر/ فەیسەڵ شێخانی 


وشە - وشه‌