مەسروور بارزانی داوای كردووە لە جێبەجێكردنی شاری پیشەسازی عەربەت پەلە بكرێت

:: PM:03:13:08/11/2020 ‌
لەسەر فەرمان و راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەست بەكاركردن دەكرێت لە پڕۆژەی شاری پیشەسازی عەربەت كە لەسەر رووبەڕی زیاتر لە دوو هەزار و 200 دۆنم دروست دەكرێت، نزیكەی 300 كارگەی گەورە لە خۆی دەگرێت و بە سەدان وەبەرهێنەریش ئامادەییان دەربڕیوە لە پڕۆژەكەدا وەبەرهێنان بكەن.
 
شاری پیشەسازی عەربەت لە ماوەی كابینەكانی رابردوو لەگەڵ هەریەك لە شاری پیشەسازی هەولێر و دهۆك بڕیاری دروستكردنیان دراوە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی رابردوو بەهۆی تەنگژەی داراییەوە كاركردن تێیاندا راگیرابوو، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی خۆی داوای كردووە دەست بەكاركردن بكرێتەوە و ئامادەیی هەموو پاڵپشتی و هاوكارییەكن بۆ ئەو شارە پیشەسازییە.
رێككەوتوون لەسەر ئەوەی دەست بەكاركردن بكرێت لە شاری پیشەسازی عەربەت
 
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی سلێمانی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم كۆ بوونەتەوە و رێككەوتوون لەسەر ئەوەی دەست بەكاركردن بكرێت لە شاری پیشەسازی عەربەت كە دوو هەزار و 735 دۆنم زەوی بۆ تەرخان كراوە.
 
ئەوەشی گوت، لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت راسپێراون كە دەرخستە بۆ خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی شارە پیشەسازییەكە بكەن و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو بەشە زەوییانەی كە لە شارە پیشەسازییەكە ماوەتەوە، دەدرێت بەو وەبەرهێنەرانەی كە دەیانەوێ كارگە دروست بكەن، پێشتر دەستەی وەبەرهێنەران شوێنی بۆ كارگەكان تەرخان كردووە.
لە كابینەكانی رابردوو كارەكانی ئەو شارە پیشەسازییانە راگیرابوون
 
مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان سێ شاری پیشەسازیی گەورەی بۆ دەرچووە لە ماوەی  رابردوودا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك، بەڵام لە كابینەكانی رابردوو كارەكانی ئەو شارە پیشەسازییانە راگیرابوون، بەڵام لە كابینەی نۆ و لەسەر راسپاردەی خودی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە دەست بە دروستكردنی شاری پیشەسازی سلێمانی بكرێت.
 
"هەریەك لەو شارە پیشەسازییانەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بڕی نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار تەرخان كرابوو بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكرێت، لە تەنگژەی دارایی ساڵانی رابردوو نەتوانرا ئەوە بكرێت، بەڵام كابینەی نۆ لە كارنامەكەیدا باسی لەوە كردووە كە گرنگی دەدرێت بەو شارە پیشەسازی و چوار شاری پیشەسازی تر دروست دەكرێت، كە لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین و زاخۆ دەبن". مەلا یاسین وای گوت.
 
شارە پیشەسازییەكە خۆی لە 288 كارگەی گەورە لەسەر ئاستی عێراق دەبینێتەوە
هەروەها گوتی، شاری پیشەسازی عەربەت رووبەرەكەی فراوانە و ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كە دەكەونە سەر شارە پیشەسازییەكە، لە لایەن وەبەرهێنەرەكانەوە قەرەبوو دەكرێنەوە، شارە پیشەسازییەكە خۆی لە 288 كارگەی گەورە لەسەر ئاستی عێراق دەبینێتەوە و هەندێك لەو كارگانەش بیانین و بەشی زۆریشیان ناوخۆیین.
 
وەك زیاتر خستیەڕوو بە دروستكردنی شاری پیشەسازی عەربەت، لە سەرەتاوە هەلی كار بۆ 16 هەزار هاووڵاتی سنوورەكە دەڕەخسێنێت و لە دوای تەوابوونی شارەكە، هەلی كار بۆ 45 هەزار هاووڵاتی سنوورەكە دەڕەخسێنێت. سەرۆكی حكوومەت گوتوویەتی هیچ كاتێك نەماوە بۆ دواخستنی شاری پیشەسازی سلێمانی و دەبێت بەزووترین كات دەست بكرێت بە دروستكردنی، ئەو شارە پیشەسازییە بە بەهای دوو ملیار دۆلار سەرمایە بۆ سلێمانی دەهێنێت.

بەگوتەی مەلا یاسین هەندێك لەو كارگە گەورانەی كە لە شارە پیشەسازییەكە دروست دەكرێن، كارگەی پاككەرەوە كیمیاییەكانن كە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەو بەرهەمانە زۆر بەكار دەهێنێت و بەكاربەرێكی گەورەیە، بەهۆی ئەو كارگانەوە هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەرەوە نامێنێت و خۆی دەبێتە دروستكەری ئەو بەرهەمانە، تا ئێستەش 100 كارگەی گەورە و وەبەرهێنەر پرۆپۆزەڵی خۆیان پێشكەش كردووە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان