"هەڵەتێگەیشتن لە نووسراوێكی بانكی ناوەندی نرخی دۆلاری بەرز كردەوە"

:: PM:09:20:19/02/2023 ‌
ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی بۆرسەدا نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو لە چاو نرخی رۆژدا بەرزبووە و شارەزایەكی بوارەكەش دەڵێ هەڵە تێگەیشتن لە نووسراوێكی بانكی ناوەندی هۆكاری ئەم بەرزبوونەوەیە بووە. 

ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بۆ خوار 150 هەزار دیناری دابەزی، دووبارە لەگەڵ داخستنی بۆرسە نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە، بەجۆرێك تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی كوردستان 153 هەزار دینارە. 

جەبار گۆران ماستەر لە كارگێڕی دارایی كە هاوكات گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانییە لە بڵاوكراوەیەكیدا رای گەیاند كە دەرچوونی نووسراوێك لە بانكی ناوەندییەوە كە هەموو كۆمپانیاكان ناچار دەكات لە سبەی دووشەمەوە لە رێگەی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە، دۆلار بە بانك و كۆمپانیاكانی دراو دەفرۆشرێت بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەكاتی داخستنی بۆرسەكان. 

جەبار گۆران روونی كردووەتەوە كە هەڵە تێگەیشتن بۆ ئەم نووسراوەی بانكی ناوەندی نرخی دۆلاری بەرزكردەوە، بەڵام خۆی لە راستیدا ئەم نووسراوەی دەرچووە لە بەرژەوەندی بەهای دینارە، چونكە ئەم سیستمە ئەلیكترۆنییە لە لایەن بانكی ناوەندی چاودێری بانك و كۆمپانیاكانی دراو دەكات و ناتوانن دۆلار بە نرخی زیاتر لەو نرخەی بۆیان دابینكراوە بفرۆشن. 

ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عێراقیی لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی گشت بانك و كۆمپانیا رێگەپێدراوەكانیی كردووە، لە سبەیەوە رۆژی 20ی شوباتی 2023 گشت كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانكەكان ناچار دەكات كە بە سیستمی ئەلیكترۆنی مامەڵةی ئاڵوگۆڕی دراو ئەنجام بدەن،  بەپێچەوانەوە هەر كۆمپانیا و بانكێك پابەند نەبێت، ئەوا بێبەش دەكرێت لەو بڕە دۆلارەی كە هەفتانە بۆیان دابین كراوە.






وشە - تایبه‌ت