لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە نێوان هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوون هەیە

:: AM:10:57:01/04/2023 ‌
دوینێ شەو زۆرترین كۆبوونەوە كراوە و گفتوگۆكانیش لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن. ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی بەغدا رای گەیاندووە، بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆكان هەیە تا بەزوویی ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو یەكی نیسان، د. سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ"وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، گفتوگۆكانی تایبەت بە دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركی بەردەوامی هەیە.

مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام دا

ئەو ئەندامە ئەوەی روون كردەوە كە لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان، بەرەوپێشچوون لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام رێَككەوتنی كۆتایی نەكراوە.

لەبارەی ئەگەری رێككەوتن لە ماوەیەكی نزیكدا د. سەباح سوبحی ئەوەی گوت، دەبێ لە نزیكترین كاتدا رێككەوتن بكرێ، لەبەر سەلامەتیی كێڵگەكان و داهاتی عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە ئەگەر زوو ئەو بابەتە چارەسەر نەكرێت، ئەوا زیان بە كۆی پرۆسەی نەوتی عێراق و هەرێم دەگەیەنێـت.

هەروەها هەندێك سەرچاوەی نافەرمی ئەوەیان خستەڕوو، دوێنێ شەو گفتوگۆی توند و چڕوپڕ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوون، نزیكبوونەوەی تەواو لە نێوان ناوەند و هەرێم لەسەر ئەو پرسە هەیە، ئەگەری هەیە تا سبەی رێككەوتنی كۆتایی بكرێـت.

بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییە ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی دركاند، زانیاری لەبارەی ئەو پرسەوە نییە كە تا بەیانی رێككەوتن بكرێت.

رۆژی 23ی ئادار، دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، توركیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردەوە، لە دوای بڕیارەكە  سەعات 12ی شەو هەینی، توركیا هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت، پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دادگا راگەیاند.

لە دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری دادگاكە، مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام دا، ناوەڕۆكی پێوەندییەكەش تایبەت بوو بەخێرا یەكلاكردنەوەی دۆسیەی نەوت و غاز لەڕێی دەركردنی یاسای نەوت و غازی عێراقی فیدراڵ.

هاوكات هەفتەی رابردوو، چەند كۆمپانیایەك كارەكانیان لە كێڵكە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان راگرت و بەشێكیش تریشیان كاری بەرهەمهێنانیان  بۆ زۆرتر نزمترین ئاست كەم كردووەتەوە، هەروەها لە ئەنجامی راگرتنی نەوتی كوردستان، بڕی 330 مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كورستان كەم دەكرێتەوە. 


وشە - زریان تەها