رۆیتەرز: رێككەوتنی سەرەتایی نێوان هەرێم و بەغدا لای سوودانیە بۆ پەسەندكردن

:: PM:11:15:01/04/2023 ‌
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە كە هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا نزیكبوونەوەیەكی تەواو لە نێوانیان هەیە بۆ دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتی كوردستان.

ئەمڕۆ شەموو 1ی نیسانی 2023 بەپێی چوار سەرچاوەی بەرپرسی باڵا و ئاگةدار لە هەردوو حكوومەتەكە بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"یان راگەیاندووە، لێكنزیكبوونەوەی تەواو لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا بە مەبەستی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان هەیە، لە رێككەوتنی سەرەتایی نێوان هەردوولادا هاتووە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی "سۆمۆ"، نەوت هەناردە دەكەنەوە. 

بە گوێرەی سەرچاوە بەرپرسەكان، رێككەوتنی سەرەتایی نێوان هەردوو حكوومەتەكە تەواو كراوە و نێردراوە بۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە مەبەستی رەزامەندی كۆتایی، سەرچاوەیەكیش لە حكوومەتی هەرێم بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت تا رۆژی دووشەم رێككەوتنەكە بچێتە واری جێبەجێكردن و هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە. 

هەر ئەمڕۆ عاسم جیهاد، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، رێككەوتنێكی سەرەتایی هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، ئەو رێككەوتنەش پێویستی بە رەزامەندی حكوومەتی فیدراڵ هەیە بۆ جێبەجێبوونی. 

لەلایەكی ترەوە ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس رای گەیاند، فرانس پرێس: دووشەم هەناردنی نەوتی هەرێم دەست پێ دەكاتەوە. 

لای خۆیەوە نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ئاشكرای كرد، هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە دوای بڕیاری دادگەی پاریس، ئەوان لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بە كورد بدرێت و پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە ماوەی دوو رۆژی تر دەست پێ بكاتەوە.


وەستانی هەناردەی نەوتی كوردستان كە بڕەكەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو، نزیکەی ٠.٥%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێکهێنا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی ڕابردوو، بە جۆرێك نرخەكەی گەڕایەوە بۆ نزیکەی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.


وشە - تایبه‌ت