نرخی بەنزین لە هەولێر سەرووی 50 دینار دابەزی

:: AM:10:44:06/09/2023 ‌
لە هەرێمی كوردستان چەند جۆرێكی بەنزین هەن، بەنزینی حكوومی لیتری بە 750 دینارە كە بڕەكەی بەگوێرەی خواست كەمە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكرێت، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانیش دەڵێ، ئێستە بەنزین هەیە و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر سەرووی 50 دینار دابەزیوە.

ئەمرۆ چوارشەم شەشی ئەیلوول، جەنگی مەجید سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، لیتری بەنزین 50بۆ 80 دینار دابەزیوە، هۆكاری هەرزانبوونیشی ئەوەیە بەنزین لە عێراق دەهێنرێتە كوردستان و خەڵكیش بۆ خۆی دەیهێنێت.

سیروان عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر، بۆ "وشە"ی دەڵێ، "نرخی بەنزین بە بەراورد لەگەڵ پێشوو كاتێك گەیشتە هەزار و 150 دینار، لەگەڵ ئێستە نرخەكەی نزیكەی 150 بۆ 200 دینار لە هەندێك شوێن دابەزیوە".

لەبارەی هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت دەڵی، ئێستە ڕێیەكە كراوەیە و لە دەرەوە دێت، لە باشووری عێراقەوە دێت. جگە لەمە رۆژانەش 25 بەنزیخانە بەنزینی حكوومی دابەش دەكەن، پێشتر كەمتر بوو بەهۆی كەمی بەنزین، بەڵام ئێستە زیادی كردووە.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو بەنزینە بەشێكی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێ، رۆژانە لە هەولێر بە نرخی 750 دینار دەفرۆشرێت، بەنزیخانەكانی تر بەنزین لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەهێنن.


وشە - لاڤین عومەر