لە دەڤەری بارزان بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی جووتیاران 50 تۆن بەرهەمی سپیاییە

:: AM:11:56:20/09/2023 ‌
بە پشتیوانیی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەڤەری بارزان و لە ڕێی كارگەیەكەوە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە سپیاییەكان، شیر لە جووتیاران وەردەگیرێت و دواتر لە كارگەكەدا بەرهەمە شیرەمەنییەكانی لێ دروست دەكات.

مەهدی میرخان گەنجێكی ئاژەڵداری دەڤەری بارزانە، ڕۆژانە لە ڕێی ئامێری تایبەتەوە، مانگاكانی دەدۆشێ و شیرەكانیان لە گوندەكەی دەباتە بنكەیەكی وەرگرتنی شیر، ئەو گوتی، "پێش ئەوەی ئەم كارگەیە دابنرێت، من وازم لە كارەكە هێنابوو، بەڵام كە ئەم كارگەیە كرایەوە، دەرفەتێك بۆ ئێمە كرایەوە تا دەست بە دۆشینی مانگا بكەینەوە و شیرەكانمان بەو كارگەیە بفرۆشین."

بۆ ئەوەی ئاژەڵداران لە گواستنەوەی شیرەكانیان بۆ كارگەكە تووشی ڕێی دوور و خەرجیی زۆر نەبن، چەندان بنكەی وەرگرتنی شیر لە گوندەكان دابین كراوە، ئاژەڵداران بە سانایی دەستیان پێ ڕادەگات و شیرەكانیان ڕادەستی ئەو بنكانە دەكەن، دوای وەرگرتنی لەلایەن بنكەكانی وەرگرتنی شیرەوە، ڕاستەوخۆ دەخرێتە ساردكەرەوە و دواتر دەبرێتە كارگەكە.

ڕۆژانە شیری ئاژەڵدارانی گوندەكانی سنووری دەڤەری بارزان وەردەگیرێت و بەشێوەیەكی زانستی دەگوازرێتەوە كارگەكە؛ شیرەكە لە دوو هەزار و 700 ئاژەڵدار وەردەگیرێت و لە 20 بنكەی وەرگرتنی شیر لە تەواوی گوندەكانەوە كۆ دەكرێنەوە. ئەم شیرە بەبێ بەكارهێنانی مادەی پارێزەر، دەكرێتە ماست، قەیماغ، پەنیر و دۆی خۆماڵی، پاشان دەخرێتە بازاڕەكانی شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان.

شەهرام سەعید بەڕێوەبەری كارگەكەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "كارگەكە جگە لە دابینكردنی ئاسایشی ناوخۆی خۆراك، سوودی ڕاستەوخۆی بۆ خەڵك و ئاژەڵداران هەیە، ڕاستەوخۆ شیری جووتیارەكان وەردەگرین و لە كارگەكە دەیكەینە بەرهەمە شیرەمەنییەكان و دوای ئامادەبوون دەیخەینە بازاڕەوە."

تەواوی كارمەندانی ئەو كارگە نوێیە خۆوڵاتین و هەلی كاری بۆ 107 گوندنشینی دەڤەرەكە ڕەخساندووە؛ ڕۆژانە 50 تۆن شیر بۆ كارگەكە كۆ دەكرێتەوە و لەم قۆناغەشدا كارگەكە توانای بەرهەمهێنانی چوار جۆر بەرهەمی سپیایی هەیە.

عادل باپیری ئاژەڵدار یەكێكی ترە لە سوودمەندان، ئەو گوتی: "ئەم كارگەیە بۆ ئێمە زۆرباشە، پێشتر شیرەكانمان فڕێ دەدا، چونكە بەشی زۆری تێكدەچوو، ئێستە دەیبەینە كارگەكە و ئێمەش لە بەرانبەردا پارە وەردەگرین."

كوردستان ژینگە و هەلومەرجێكی گونجاوی بۆ پیشەسازیی شیرەمەنی و بەرهەمی سپیایی هەیە، وەبەرهێنان لەم كەرتەدا وەبەرهێنانە لە ئایندەیەكی گەشی پیشەسازیی خۆراك، لەم دیدەوەیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی گەشەپێدانی ئەم كەرتەی خستووەتە كار.



وشە - رامیار جەواد