یەكەمین بانكی نیشتمانیی كوردستان تۆمار كرا

:: PM:08:57:21/09/2023 ‌

دوێنێ چوارشەم یەكەمین كۆمپانیای بانكی نیشتمانیی كوردستان بەناوی "بانكی نیشتمان"، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تۆمار كرا، كە بانكێكی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و راستەوخۆ بە بانكی ناوەندی فیدراڵی عێراقییەوە دەبەسترێتەوە.

وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدا هاتووە، تایبەتمەندییەكانی ئەم بانكە و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشی دەكات، بە هەمان شێوەی بانكی ناوەندی دەبێت، وەك بوونی سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەكان، كە بازرگان و هاووڵاتییان دەتوانن لێی سوودمەند بن.

هەروەها راستەوخۆ مانگانە بەشە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران دەگوازرێتەوە ئەم بانكە و فەرمانبەران دەتوانن لە رێی ئەم بانكەوە مووچەكانیان بەدەست بگات، وەك بانكێكی فەرمیی گشتگیری حكوومەت مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، جیاواز لە بانكە حكومییەكانی تر و خزمەتگوزارییەكانی لە بواری جیاوازی  بانكیدا پێشكەش دەكات و تەنیا بۆ هەڵگرتنی پارە نییە.

جێی ئاماژەیە رێكارەكانی دامەزراندنی ئەم بانكە لە هەرێمی كوردستان تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە هەندێك رێكاری رۆتینییە لەگەڵ بانكی ناوەندی و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەویش تەواو دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل