نرخی زێڕ ماوەی دوو ڕۆژە لە كوردستان رووی لە نزمبوونەوە كردووە، زێڕ فرۆشێك دەڵێت، بە 48 سەعات 10 هەزار لە نرخەكەی كەمبووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول، عەدنان شەهاب خاوەنی زێڕینگری جوان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕۆژی چوارشەم نرخی مسقالێك زێڕی عەیار 21 بە 438 هەزار دینار بوو، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار نرخی ئەویش گۆڕاوە.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ هەینی نرخی مسقالێك زێڕ عەیار 21 بە 428 هەزار دینارە، مسقالێك زێڕی عەیار 24 بە 488 هەزار دینارە، نرخی مسقالێك زێڕی عەیار 18 بە 368 هەزار دینارە.
باسی لەوەش كرد، زێڕینگر زێڕ بە دۆلار دەكڕێت بۆیە ئەگەر دۆلار نرخەكەی دابەزێت ئەوا زێڕیش نرخەكەی دادەبەزێت.
ڕۆژی چوارشەم 100 دۆلار بە 158 هەزار دینار بوو، بەڵام رووی لە دابەزین كردووە ئێستە 100 دۆلار بە 155 هەزار دینارە.