عێراق چۆن دەتوانێت كۆنترۆڵی نرخی دۆلار بكات؟

:: PM:07:30:22/09/2023 ‌

رەنگە شتێكی نوێ نەبێت و پێشتر شارەزایان باسیان كردووە، كە هەموو ئەو رێوشوێنانەی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕ گرتوونیەتییە بەر، تەنیا پینە و پەڕۆ و رێگرتنە لە خراپتربوونی دۆخەكە و داتەپینی نرخی دینار، پەرلەمانتارێكی عێراق پەنجە لەسەر چارەسەری دۆخەكە دادەنێت و داوایەك لە بانكی ناوەندی عێراق دەكات.

ماجد شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێك نووسویەتی، ناكرێت تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار لە رێگەی گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی تەناهی، كە نووسینگە و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەكەنە ئامانج، چارەسەر بكرێت.

روونی دەكاتەوە، چارەسەرەكە چەند رێوشوێنێكی بانكی ناوەندییە بۆ رێگرتن و وەستانی رۆیشتنی قاچاخی دۆلار بەرەو ئێران و سووریا و رووسیا، هەروەها كەمكردنەوەی پرۆسەی سپیكردنەوەی دراوە تا گەیشتن بە بنەبركردنی.

لەوكاتەی ژمارەیەك لە خاوەن نووسینگە و كۆمپانیاكانی ئاڵۆگۆری دراو سكاڵا لە سزادان و وەرگرتنی غەرامە لە لایەن بانكی ناوەندی لەوان دەكەن، ژمارەیەكیان دەڵێن، نزیكەی دوو هەزار كۆمپانیا و 10 هەزار كارمەند و 50 هەزار هاووڵاتی بەدەست رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی و ئەو پێبژاردنە خەیاڵییەی بەسەر خاوەن كۆمپانیاكان سەپێنراوە، دەناڵێنن.

زیاد هاشمی، شارەزای ئابووری دەڵێت، ئەو گوشارەی بانكی ناوەندی بۆ سەر كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بێ جیاكردنەوەی ئەوانەی پابەندن و ئەوانەشی پابەند نابن، دەبێتە هۆی شێوانی ژینگەی كاری ئەوان، بەهۆی نەبوونی چاودێری و ئیدارەدانێكی ورد لە لایەن بانكەكەوە. 

دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە بانكی ناوەندی نەیتوانیوە پێوەر و رێككاری ورد و دیاریكراو بۆ هەڵسەنگاندنی كار و توانستی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و جیاكردنەوەی باش و خراپەكانیان بگرێتە بەر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل