ئەمساڵیش بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە هاندانێكی زۆر بۆ جووتیاران بۆ چاندنی زەوییەكانیان بە گەنم هەبوو، هاوكات گەنمەكانیان بە پارەیەكی باش كڕدرایەوە، ئەگەرچی جووتیارانی چەند ناوچەیەكی هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانیش سكاڵایان هەبوو لە جیاوازیكردن لە وەرگرتنی گەنمەكانیان، بەڵام پرۆسەكە كۆتایی هات، بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانەوە روونكردنەوە دەدات.
وەك لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رای گەیاند، لە كۆی 411 ملیار و 24 ملیۆن و 196 هەزار دینار پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، تا ئێستە 233 ملیار دینار هاتووە، كە بە پێی رۆژی وەرگرتنی گەنمەكانیان بەسەر جووتیاراندا دابەش دەكرێت.
دووپاتی كردەوە، لە ئایندەدا ئەو بڕەی تر كە ماوە، كە 178 ملیار و 24 ملیون و 196 هەزار دینارە، دەخرێتە سەر حیسابی بانكیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ئەویش دابەش دەكرێت.