لیرەی توركی ئەمڕۆ بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی نزمترین نرخی تۆمار كرد لە مێژووی خۆیدا، ئەوەیش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەهای یەك دۆلار بۆ بەرانبەر 27 لیرە بەرز بووەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئەیلوول، بەهۆی هەڵاوسانەكان و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بەهای لیرەی توركی بۆ نزمترین ئاست دابەزی و بەجۆرێك 100 دۆلار، دوو هەزار و 723 لیرەیە، بەمەیش زیانەكانی ساڵانەش بۆ زیاتر 31% زیاتر بوون.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بانكی ناوەندی توركیا، دەستوەردانی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی وەستاند بۆ پشتگیریكردنی لیرە، لە ماوەی دوو مانگی لەسەریەك، دوو بەرزبوونەوەی بەهێزی نرخەكانی تۆمار كرد لە دوای گۆڕینی سیاسەتی بانكەكە، بەڵام لیرە نزیكەی 24% بەهاكەی لە دەست دا.
بەپێی ئامارەكان، ئەمساڵ لیرەی توركی 47%ـی بەهاكەی بەرانبەر دۆلار لە دەست داوە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 355% بەهای لە دەست داوە.
بۆ ئەمڕۆش لیرەی توركی بەرانبەر دیناری عێراقی كەمێك لە بەهاكەی دابەزی، 100 لیرەی توركی بە پێنج هەزار و 750 دینار بوو.