تا ئێستە بانكی ناوەندی عێراق كۆنترۆڵی نرخی دۆلاری لە بازاڕ پێ ناكرێت، ئەوەش سەرەڕای دەیان رێوشوێنی جۆراوجۆر كە شارەزایان بە پینە و پەڕۆ ناوی دەبەن، ئێستە هاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوكێیەكی گەورە بوونەتەوە، بەوەی بانكی ناوەندی كۆنترۆڵی نرخی دۆلاری پێ ناكرێت، بەڵام باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخە چییە؟
زیا موحسین، شارەزای ئابووری دەڵێت، بانكی ناوەندی دەستەوەستانە لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی راستەقینە بۆ كۆنترۆڵكردنی هەڵكشانی نرخی دۆلار لە بازاڕ، چونكە ئەو بانكە بە میكانیزمێك كار دەكات رێگە بە قاچاخی دۆلار و بردنەدەرەوەی دەدات، بۆ نموونە بانكەكە رۆژانە 30 ملیۆن دۆلار لە رێگەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراوەوە بە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەدات، بەڵام دیار نییە ئەوان چی لەو پارەیە دەكەن.
روونی كردەوەن جیا لە حەواڵەكردنی ملیۆنان دۆلار بۆ دەرەوە بێ ئەوەی دووپات بكرێتەوە ئاخۆ ئەو كاڵایانەی بەو پارەیە كڕاون هاتووەتە ناو عێراق یان نا، لەپاڵ بەقاچاغبردنی رۆژانەی نزیكەی 70 ملیۆن دۆلار بۆ دەرەوە بەرەو توركیا، بۆیە پێویستە كێشە راستەقینەكە بزانین تا چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
ئەو شارەزا ئابوورییە روونی كردەوە، چارەسەرەكە ئەوەیە بانكی ناوەندی پەنجەرەی فرۆشتنی دراو هەڵوەشێنێتەوە و دای بخات، هەروەها لە رێگەی فەرمانگەی حەواڵەی دەرەكییەوە راستەوخۆ پارەی بازرگانانی عێراق بە لایەنی دەرەكی بدات، هەرچی وڵاتانی سزادراون، مامەڵەكردن لەگەڵیان بە دراوی ناوخۆیی بێت، ئەوەش بۆ رزگاربوون لە مەرجەكانی بانكی فیدراڵی ئەمەریكا، كە مامەڵەكردنی بە دۆلار لەگەڵ ئەو وڵاتانە قەدەغە كردووە كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە.
ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە بە پێویستیی كاراكردنی فەرمانگەی حەواڵەی دەرەكیی بانكی ناوەندی، هەرچی تایبەتكردنی مامەڵەكردن بە دۆلار بە یەك بانك قبووڵكراو نییە، چونكە لەو حاڵەتە لایەنێك كۆنترۆڵی پرۆسەكە دەكا و سوود لەو بابەتە دەبینێت، بۆیە باشترین چارەسەری تایبەتكردنی مامەڵەی دەرەكیی دۆلارە بە فەرمانگەی حەواڵەی دەرەكیی بانكی ناوەندییەوە.