ئەمڕۆ دووشەم ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزەی توركیا رای گەیاند كە بۆری نەوتی بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەردا ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لێدوانەكانی وەزیرەكەی توركیا كردەنییە.
كازم تۆكی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە بەرانبەر لێدوانەكەی وەزیری وزەی توركیا، بەوەی ئێستە بۆری نەوتی بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت، گوتی، لێدوانی ئەو وەزیرە واقیعییە و ئێستە چاوەڕوانی رەزامەندیی تایبەتین بۆ دەست پێكردنەوەی كردەنی، بە پاڵنانی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی توركی.
روونی كردەوە، چەندان گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنی توركی هەبووە، كە چەند مەرجێكی سەختی بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە داناوە، ئەوەش وای كرد كە حكوومەتی عێراق بەدوای شوێنگرەوە بۆ بۆرییەكە بگەڕێت، بۆیەش بڕیار درا بە گۆڕینی رێڕەوی رۆیشتنی نەوتی هەرێم بەرەو پاڵاوگەكان بۆ بەكارهێنانی بۆ پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆیی.
هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا لەدوای بڕیارێكی دادگەی ناوبژیوانی پاریس لە 25ی ئاداری رابردووەوە وەستاوە، لەو ساتەوە كۆبوونەوەی شاندە تەكنیكییەكانی هەردوو وڵات بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردن بەردەوامە، بەڵام پێ دەچێت بابەتەكە پێویستی بە رێككەوتن و بڕیاری سیاسی هەبێت، بەڵام بەگشتی هەموو لایەنەكان لەو وەستانە زەرەرمەندن، ئەوەش وا دەكات گوشار لەسەر عێراق و توركیا دروست ببێت بۆ دەستكردنەوە بە هەناردنی نەوتەكە.