لە عێراقدا بەهۆی نەبوونی سیستمی بانكی نزیكەی 93 تریلۆن دینار لە دەستی هاووڵاتییاندایە

:: PM:12:23:10/12/2023 ‌
نزیكەی 93 ترلیۆن دینار لە دەرەوەی سیستمی بانكی لە عێراقدا هەیە، زۆربەی ئەو پارانەش لە ماڵی هاووڵاتییاندایە، دامەزراوەیەكی ئابووری عێراقی لەو بڕوایەدایە ئەمە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ شكستی بانكیی عێراق.

دامەزراوەی "عێراقی موستەقبەل” بۆ توێژینەوە و راوێژكاری ئابووری، ڕاپۆرتێكی لەبارەی دۆخی دراوی نەختینە ڕای گەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2022دا بەهای دراوی چاپكراو 78 ترلیۆن دینار بووە، لە كۆتایی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 102 ترلیۆن دینار و ڕێژەكەی 9.24٪ بەرز بووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە بڕی ئەو پارەیەی لە دەرەوەی سیستمی بانكیی عێراقدایە، لە دەستی هاووڵاتییاندایە، نزیكەی 93 ترلیۆن دینارە و ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 بە ڕێژەی 30٪ی زیادی كردووە.

ڕوونیشی كردەوە كە سەرباری دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، بەڵام بە بەراورد بە 2022، ڕێژەی پارەی خەوێنراوی هەر هاووڵاتییەك 4٪ زیادی كردووە.

پارەی خەوێنراو بەو پارەیە دەگوترێت كە هەر هاووڵاتییەك دوور لە سیستمی بانكی هەڵیگرتووە و بۆ وەبەرهێنان و كڕینی پێداویستی بەكاری دێنێت. ئەوە لە كاتێكدایە، بانكی ناوەندی لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 24 ترلیۆن دیناری چاپ كردووە بەشی زۆری ئەو پارەیە بەدەستی هاوڵاتیانەوە هاتوچۆ دەكات.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەریی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی دەست پێ كرد، كە پرۆگرامێكی گشتگیری داراییە و ئامانج لێی دابینكردنی رێیەكی پارێزراوە بۆ بەرەوپێشخستنی سیستمی بانكی نەمانی نەختینە لە دەستی هاووڵاتییاندا.

پڕۆژەكە هەوڵی مۆدێرنكردنی كەرتی بانكی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دەدات. هەروەها پرۆسەی بەدیجیتاڵكردنی حكوومەت خێراتر دەكات، ئەم دەستپێشخەرییە بەشێكی سەرەكییە لە دیدگەی سەرۆك وەزیران بۆ بەرەوپێشبردنی چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی كوردستاندا.

هەروەها ئەم پڕۆژەیە ئاسانكاری دەكات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانكییە مۆدێرنەكان، لەوانە قەرز، پاشەكەوتكردن و پارەدانی دیجیتاڵی. بەدیجیتاڵكردنی پارەدان بۆ نزیكەی یەك ملیۆن فەرمانبەر، هێزە تەناهییەكان و خانەنشینی حكوومەتی هەرێم، پشتبەستن بە مامەڵەی كاش كەم دەكاتەوە، كارایی حكوومەت و شەفافییەتیش زیاتر دەكات.




وشە - سۆران عەزیز