لێخۆشبوون بۆ قەرزێكی تری حكوومەت دەخرێتە واری جێبەجێ كردنەوە

:: PM:09:28:24/06/2024 ‌
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بڵاوی كردەوە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لێخۆشبوون لە رێژەی %20ی كۆی گشتیی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پێدانی قەرزی بچووك درا. 

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیرانی 2024، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیدا هاتووە، وەكو ئاشكرایە، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ڕۆژی چوارشەم ڕێكەوتی 27ی ئاداری ئەمساڵدا، كۆمەڵێك بڕیاری لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەركرد، لە ناویشیاندا لێخۆشبوون بوو لە هەندێك قەرزی وەكو ئاو، كارەبا، سزای هاتووچۆو و چەند قەرزێكی تر.

وەزارەتەكە روونی كردووەتەوە، بۆ خزمەتی سوودمەندانی سندووقی قەرزی بچووک، دواى ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل بۆ كۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزیران، خۆشبەختانە دوای گەنگەشەكردنی بابەتی لێخۆشبوون لە سوودمەدانی قەرزی بچووك بڕیاری لێخۆشبوون لە ڕێژەی (20%) لە كۆی گشتی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پێدانی قەرزی بچووك لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەركرا.




وشە - پۆڵا مەحموود