بۆچی نرخی دۆلار رووی لە هەڵكشان كردەوە؟

:: PM:05:31:04/07/2024 ‌

لە ماوەی دواییدا جارێكی تر نرخی دۆلار لە بازاڕ رووی لە هەڵكشان كرد و نرخەكەی گەیشتەوە دەوروبەری 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار، شارەزایانی بواری دارایی هۆكارەكانی ئەو هەڵبەز و دابەزینەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكەن و پێیان وایە ئەو هەڵكشانە كاتییە.

لەوكاتەی بەم دواییە نرخی 100 دۆلار لە عێراق گەیشتە دەوروبەری 150 هەزار دینار، ئەمڕۆ پێنجشەم نرخی دۆلار لە بۆرسەكانی بەغدا، هەردوو بۆرسەی كیفاح و حارسییە گەیشتە 148.500 دینار بۆ 100 دۆلار، لەوكاتەی نرخەكەی سەر لە بەیانی گەیشتبووە 149.850 دینار، لە بازاڕیش نرخی دۆلار لە ئاستی 149.750 دینار مامەڵەی پێوە كراوە، لە هەولێر نرخی دۆلار گەیشتە 148.450 دینار بۆ 100 دۆلار.  

عەلا چەلووب فەهد، شارەزای بواری دارایی دەڵێت، نرخی دۆلار لە بازاڕ هەڵبەز و دابەزین دەكات، ئەوەش بەهۆی رێوشوێنە نوێیەكانی بانكی ناوەندیی عێراقە پێوەست بە فرۆشتنی دۆلار بۆ گەشتیاران كە راستەوخۆ دۆلار لە فڕۆكەخانە وەردەگرن، جیا لەوە هەندێك بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی جیاواز هەوڵی دروستكردنی ترس دەدەن، بەوەی بانكی ناوەندی بەنیازی وەرگرتنی هەندێك رێوشوێنە لە بەرژەوەندیی مامەڵەكاران بە دۆلار.

دووپاتی كردەوە، بانكی ناوەندی چەند جارێكە رای دەگەیەنێت كە لە فرۆشتنی دۆلاری پێویست بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیار و بازرگانان بەردەوامە و هیچ مەترسییەك لەوبارەوە نییە، كەچی هەندێك كەس هەن بۆ قازانج ترس و قسەی نەرێنی بڵاو دەكەنەوە، بەڵام بانكی ناوەندی كۆنترۆڵی رێوشوێنەكانی كردووە و پێشبینی هەیە نرخی دۆلار روو لە دابەزین بكات.  

پێوەست بە داهاتووی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق زیاد هاشمی، توێژەری ئابووری دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوو نرخی دۆلار لە بازاڕەكان لە ئاستێكی نزم و سەقامگیردا بوو، ئەوەش نیگەرانیی خەڵك و بازاڕی رەواندەوە و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كاڵاكان كرد، بەڵام هێشتا نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەیە، چونكە ئەو دابەزینەی رووی دا بەهۆی ئاسانكارییەكانی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بووە نەك رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندیی عێراق.

دووپاتی كردەوە، بانكی ناوەندی بۆ هەمان رێوشوێنەكانی پێشووی گەڕایەوە بە سوودوەرگرتن لە ئاسانكاریی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بۆ حەواڵەكردن و فرۆشتنی سەتان ملیۆن دۆلاری رۆژانە، بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی یاسایی و نایاسایی دۆلار، واتە بە بەردەوامبوونی كێشە داراییەكان وەك خۆی بێ چارەسەری، لەوكاتەی هێشتا بانكە تایبەتە عێراقییەكان بەشێكیان سزایان لەسەرە و ئەوانی تریش پابەند نین بە مەرجەكان.

هاشمی دووپاتی كردەوە، تا ئیستە زۆرێك لە بانكەكان لەسەر هەمان شێوازی كاری پێشوویان بەردەوامن و تۆڕەكانی مامەڵەی نایاسایی و قاچاغ و بازرگانیی نایاسایی لە سنوورەكان بەردەوامە و دۆلارێكی زۆری عێراق دەبەن، هاوكات تا ئێستە حكوومەتی عێراق لە سیاسەتەكانی خەرجكردن بەردەوامە، بۆیە ئەو فرۆشتنە زۆرەی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە جۆرێكە لە دروستكردنی سەقامگیریی خەیاڵیی بۆ نرخی دۆلار كە تەنیا پشت بە گڵۆپی سەوزی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا دەبەستێت، كە ئەوەش مسۆگەر نییە، بۆیە دەكرێ لەهەر ساتێك ئەو گڵۆپە سەوزە ببێتە سوور و رێگری لە حەواڵە بكرێ و نرخی دۆلار  بەرز ببێتەوە، ئەوەش سەركێشییەكی گەورەیە و مەترسی بۆ سەر ئابووریی عێراق هەیە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل