لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ

:: PM:09:19:04/07/2024 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ بۆ مووچەخۆران بڵاو كردووەتەوە و لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و سوودمەندانی هەژماری من دەتوانن دڵنیا ببنەوە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەخۆران بەردەوام دەبێت و پڕۆژەکەش تا دێت بەشداربوو و بانکی زیاتری تێدا بەشدار دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە وەڵامی پرسیاری "روونكردنەوەكەی دادگای باڵای فیدراڵی چ مانایەكی هەیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و سوودمەدانی هەژماری من؟" روونی كردووەتەوە، كە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەك هەر فەرمانبەرێكی تری عێراق مافی ئەوەیان هەیە بانكی دڵخوازی خۆیان لەناو بانكە بەشداربووەكانی هەژماری من هەڵبژێرن. 

لە بەشێكی تری روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە ئێستەدا لەلایەن هەشت بانكەوە دەكرێن، كە پەسەندكراوی بانكی ناوەندیی عێراقن. 

زیاتر هاتووە، هەژماری من و پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت تا یەك ملیۆن مووچەخۆر لە كۆتایی ئەمساڵدا دەبنە خاوەن هەژماری بانكی خۆیان.


وشە - پۆڵا مەحموود