بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی دوایين هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان تاوتوێ دەکەن

:: PM:09:35:04/07/2024 ‌
شاندێكی بانكی ناوەندیی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان كرد و گفتوگۆ لەسەر دوایین هەنگاوەكانی پێكهێنانی بانكی نیشتمان كرا كە بە دەستبەكاربوونی فەرمانبەران و هاووڵاتییان لە چەندان پێشینە و قەرز و خزمەتگوزاریی دارایی و بانكی سوودمەند دەبن. 

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراقی سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان کرد و لەلایەن  د.هاوڕێ کەمال راوێژکاری یاسایی وەزارەت و فەیسەڵ عەلی راوێژکاری ئابووریی و رێباز عەباس راوێژکاری بانکی و محەمەد خدر بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانەوە پێشوازیان لێکرا.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان کراو هەردوولا دووپاتیان لەسەر هاوئاهەنگی دوولایەنە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پێکهێنانی بانکەکەیان کردەوە لە نزیکترین کاتدا و ڕۆڵی بانکەکەیان لە پڕۆسەی پێشخستنی بواری دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نرخاند.      
 
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتدا ئاماژە دراوە بانکی نیشتمان کە سەرمایەکەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە، کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی فەرمی پێدرا، بە دەستبەکاربوونی بانکەکەیش فەرمانبەران و هاووڵاتییان لە چەندان پێشینە و قەرز و خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سوودمەند دەبن و سەرجەم بانکە حکوومیەکانی وەزارەتی دارایی لە ژێر چەتری بانکی نیشتمان ڕێک دەخرێنەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود