وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا چەند بانك و كۆمپانیایەكی عێراقی سزا دەدات

:: PM:06:25:16/02/2025 ‌

ئەمەریكا جیا لە هێزی سەربازی، پەنا بۆ بەكارهێنانی سزا و چەكی ئابووری و دارایی بۆ دەستەمۆكردن و ملكەچكردنی رژێم و حكوومەتەكانی دنیا دەبات، لە دوای رزگاركردنی عێراق، بەغدا لە رێگەی حزب و میلیشیا شیعەكانەوە كەوتە ژێر هەژموونی ئێران، ئێستە واشنتن دەیەوێ گوشار لەسەر ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق زیاتر بكات، بۆ ئەوەش لە رێگەی سزادانی بانك و دامەزراوە داراییەكان گوشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ دووركەوتنەوە لە بازنەی ئێران.

زیاد هاشمی شارەزای ئابووری دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دەستی بە هەڵمەتێكی سزادانی ژمارەیەك بانك و كۆمپانیای عێراقی كردووە، ئەو لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، جموجۆڵە ناسەربازییەكانی ئەمەریكا بە ئاراستەی عێراق دەستیان پێ كرد و یەكەم جاریش سزا بەسەر ژمارەیەك بانكی عێراقی دێتە سەپاندن، بە تۆمەتی ئاسانكاری بۆ حەواڵەی رەش و ساختە و دابینكردنی دۆلار بۆ گرووپەكان و ئەو وڵاتانەی سزای ئەمەریكایان لەسەرە و پاڵپشتی لە تیرۆر دەكەن.

روونی كردەوە، سەپاندنی ئەو سزایانەی ئەمەریكا بە فەرمی لە لایەن نووسینگەی " OFAC " بۆ هەواڵگریی دارایی سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، كە پێوەندیدارە بە چاوەدێریكردن و سزادانی قەوارەكانی پاڵپشتی لە تیرۆر و چالاكییە سەربازییەكان و سزادراوان لە لایەن ئەمەریكا دەكەن، بە لایەنە فەرمییە پێوەندیدارەكانی عێراق گەیشتووە. 

ئاماژەی كرد، بانكە سزادراوە عێراقییەكان بریتین لە بانكە بچووك و ناوەندەكان كە لەپشت پەردەوە چالاكیی بە زیانیان بۆ ئابووریی عێراق و پێشێلكار بۆ سزاكانی ئەمەریكا و نێودەوڵەتی هەیە، لە دزەكردن و قاچاغی دۆلار كە بۆ كەرتی بازرگانی لە عێراق تەرخان كراوە، بانكەكان بریتین لە (م ع و ئ ع و س م م)، جیا لە چەند كۆمپانیایەكی پارەدانی ئەلیكترۆنی، رێگری لە كاركردنیان لە دەرەوەی عێراق دەگرێت.

هاشمی پێی وایە ئەو جموجۆڵەی ئەمەریكا دووپات لە رژدیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە خێرایی جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا دەكاتەوە، ئەوەش یەكەم هەنگاوە و سەرەتای دەستپێكردنی سزاكانە و نازانرێت كەی كۆتایی دێت و قۆناغی دووەم چی دەبێت و چۆن كاریگەری لە ئابووری عێراق دەكات.

چەند سەرچاوەیەك بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان راگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزات دەخاتە سەر چەند بانكێك و رێگریان لێ دەكات لە مامەڵەكردن بە دۆلار، لەوانە پێنج بانك و سێ كۆمپانیای پارەدانی ئەلیكترۆنی بە دۆلار، ئەوەش بەهۆی پێشێلكاریی گەورە لە بواری قاچاغی دۆلار و بردنی بۆ دەرەوەی عێراق. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل