وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركی بەردەوامە.
حەیان عەبدولغەنی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقییە گوتی، ئامانجی سەرەكی لە هەمواركردنەوەی یاسای بودجە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە، ئێستە گفتوگۆكانیان لەگەڵ هەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی نەوت بەردەوامە و ئامانجی سەرەكیی گفتوگۆكانیان رێككەوتنە، چاوەڕوان دەكەن رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بكرێت.
دەشڵێت، لە یاسای بودجەدا 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، دواتر لەلایەن تیمێكی راوێژكارییەوە نرخەكان بۆ كێڵگە نەوتییەكان دیاری دەكرێت، چونكە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان جیاوازە لە ناوچەكانی تری عێراق.
بە گوتەی وەزیری نەوت، جیاوازییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر كۆمپانیا راوێژكارییەكە و بڕی ئەو نەوتەیە دەدرێتە هەرێم بۆ پێداویستیی ناوخۆ، چونكە بڕی 46 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاری كراوە بۆ پاڵاوگەكان.
عەبدولغەنی دەشڵێ، بەغدا دەسەڵاتی بەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمدا نییە و ئۆپیك ئاگاداری كردوونەتەوە، هەرێمی كوردستان رۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.