بودجەی 2025ی عێراق دامەزراندن و پڕۆژەی نوێ لەخۆ ناگرێت

:: PM:05:19:27/03/2025 ‌

تا ئێستە خشتە داراییەكانی بودجەی 2025ی عێراق لە وەزارەتی دارایین و ئامادە دەكرێن، لەناو بوونی پێشبینی بە گەیشتنی خشتە داراییەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان بۆ پەسندكردنیان، پەرلەمانتاران ئاماژە دەكەن بودجەكە دامەزراندن و پڕۆژەی نوێ لەخۆ ناگرێت.

مستەفا گەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە، كەموكورتییەكی زۆر لە دابینكردنی پارە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان هەیە، بۆیە رێنوێنی دەرچووە و بڕیار دراوە جێبەجێكردنی هیچ پڕۆژەیەك نەخرێتە ناو بودجەی 2025ەوە، بۆ ئەوەی حكوومەت بتوانێت پڕۆژە تەواونەكراوەكان تەواو بكات و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات.

روونی كردەوە، ئەو بڕیارە بە راوێژ لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و لیژنەی دارایی پەرلەمان دراوە بە داواكردن لە حكوومەت بۆ دابیننەكردنی پارە بۆ پڕۆژەی نوێ و تەواوكردنی كۆنەكان لە بودجەی ئەمساڵ، جیا لەوە بودجەكە دامەزراندنیش لەخۆ ناگرێت.

لای خۆیەوە عەلا فەهد شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، پێشبینی دەكرێت خشتە داراییەكانی بودجەی 2025ی عێراق لە دوای پشووی جەژنی رەمەزان لە وەزارەتی داراییەوە بگاتە ئەنجوومەنی وەزیران، واتە لە نیوەی مانگی نیسانی داهاتوو، لەوێ دەنگی لەسەر دەدرێت و رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، بودجەكە زۆر لەوەی 2023 و 2024 جیاواز نییە.  

پێشتر ئیپتسام هیلالی پەرلەمانتاری شیعە رای گەیاندبوو، دوای پەسندكردنی بودجەی سێ ساڵی، خشتە داراییەكانی بودجەی هەر ساڵێك پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمان هەیە، ئێستە خشتە داراییەكان لای حكوومەتن و پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو پەسند بكرێن و رەوانەی پەرلەمان بكرێن و دەنگیان لەسەر بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد، لە بودجەی 2025 هیچ جۆرە دامەزراندنێكی هەمیشەیی و گرێبەست و كاتی نییە و ئەو قسانەشی لەوبارەوە دەكرێن راست نین، بەڵام هیچ مەترسییەك لەسەر بودجەكە نییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل