گۆڤاری فۆربس نوێترین لیستی ملیاردێرەكانی دنیای بڵاو كردەوە و ئاشكرای كرد، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، 247 ملیاردێر زیادیان كردووە.
گۆڤاری فۆربس دەڵێت: یەكەمجارە ژمارەی ملیاردێرەكانی دنیا سێ هەزار كەس تێبپەڕێنێت كە كۆی گشتیی سامانەكانیان، گەیشتووەتە 16.1 تریلیۆن دۆلار، ئەمەش دوو تریلیۆن دۆلار زیاترە لە سامانی ملیاردێرەكانی لە ساڵی رابردوو.
بەپێی گۆڤارەكە، كۆی سامانی ملیاردێرەكانی دنیا زیاترە لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی هەموو وڵاتانی دنیا جگە لە ئەمەریكا و چین. تێكڕای سامانی هەریەك لە ملیاردێرەكانی دنیا 5.3 ملیار دۆلارە كە 200 ملیۆن دۆلار بۆ هەر ملیاردێرێك زیادی كردووە.
بەپێی راپۆرتی گۆڤاری فۆربس تا ئێستە دەوڵەمەندترین كەسی دنیا، ئیلۆن مەسكە كە سامانەكەی بە 342 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت. دوای دەستبەكاربوونیشی وەك بەرپرس لە حكوومەتەكەی ترەمپدا، سامانەكەی 147 ملیار دۆلار زیادی كردووە.