"دابەزینی نرخی نەوت و عێراق بەرەو كورتهێنان و قەرزكردن دەبات"

:: PM:06:20:05/04/2025 ‌

وەك بڵێی عێراق پێشبینیی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای دەكرد پێوەست بە زیادكردنی رسووماتی گومرگی لەسەر كاڵای وڵاتان، كە وای كرد نرخی نەوت داببەزێت، تا ئێستە عێراق خشتە داراییەكانی بودجەی 2025ی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، كە تیایدا نرخی نەوت دێتە خەمڵاندن و سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی بودجەكەیە، شارەزایان پێشبینی دەكەن عێراق پەنا بۆ قەرز ببات.

ئەحمەد تەمیمی شارەزای ئابووری وریایی لە ئەگەری ناچاربوونی عێراق بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی دەدات، ئەوەش وەك بژارەیەك بۆ دابینكردنی خەرجییە بنەڕەتییەكان، لەوانە مووچەی مووچەخۆران، ئەوە ئەگەر گوشارەكانی سەر بودجەكە بەردەوام و زیاتر بێت.

روونی كردەوە، داكشانی نرخی نەوت لە دنیا كاریگەریی مەترسیداری لەسەر عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو دەبێت، بەتایبەتی كە عێراق بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە دابینكردنی خەرجییەكانی بودجەكەی دەبەستێت، بۆیە ئەگەر نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوام بێت، عێراق تووشی تەنگژەیەكی گەورەی دارایی دەبێتەوە، ئەوەش هەڕەشە دەخاتە سەر دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، كە 75%ی بودجە پێك دێنێت، جیا لەوەی كار لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دامەزراندنیش دەكات.

لەوكاتەی ئەو شارەزایە وریایی لەوە دەدات كە ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە عێراق پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی ببات بۆ مووچە و خەرجییە سەرەكییەكان، نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری باسی ئەوە دەكات كە عێراق لە داهاتوو دەكەوێتە ناو تەنگژەیەكی راستەقینە و داهاتی نەوتەكەی تەنیا بەشی مووچە دەكات، دۆخی دارایی عێراق سەخت دەبێت و حكوومەت ناچار دەبێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی ببات.

بەپێی راپۆرتێكی "رۆیتەرز"، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت عێراق لە 2025 دووچاری گوشاری گەورەی دارایی دەبێتەوە، چونكە نرخی نەوتی خەمڵێنراو لە بودجەكەی 70 دۆلارە بۆ بەرمیلێك، ئەگەرنرخی نەوت بگاتە 60 دۆلار، داهاتی ساڵانەی فرۆشتنی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دەگاتە 76.65 ملیار دۆلار، ئەوەش كورتهێنان زیاتر دەكات و گوشاری زیاتر دەكەوێتە سەر ئابووریی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل