شاندێكی بازرگانیی ئەمەریكا سەردانی بەغدا دەكات

:: PM:10:59:07/04/2025 ‌

لەوكاتەی چەند رۆژێك بەسەر زیادكردنی رسووماتی گومرگی لە لایەن ئەمەریكا بەسەر كاڵای وڵاتان تێپەڕ دەبێت لەوانە عێراق، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند كە شاندێكی گەورەی بازرگانیی ئەمەریكی گەیشتووەتە عێراق كە نوێنەرانی 60 كۆمپانیای لە كەرتە جیاجیاكان لەخۆ گرتووە.

وەك باڵوێزخانەكە لە بەیاننامەیەك بڵاوی كردەوە، ژووری بازرگانیی ئەمەریكی بە سەرۆكایەتیی ئاستیف لووتس سەرۆكایەتیی شاندێكی بازرگانیی ئەمەریكا پێكهاتوو لە 101 ئەندام لە 60 كۆمپانیای ئەمەریكی لە كەرتەكانی وزە و تەكنۆلۆجیا و تەندروستی لە ماوەی ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدایان كردووە، لە یەكەم ئەركی بازرگانی پاڵپشتیكراو لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی ئەمەریكی و گەورەترین شاندی بازرگانیی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە مێژووی ژووری بازرگانیی ئەمەریكادا.

بەپێی بەیاننامەكە، سەردانی شاندە بازرگانییەكە لە حەوت بۆ نۆی نیسان دەخایەنێت و ئەندامانی شاندەكە چاویان بە بەرپرسانی باڵای عێراق دەكەوێت و لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای عێراقی قسە دەكەن و رێككەوتن واژوو دەكەن، ژووری بازرگانیی ئەمەریكی سەكۆیەك فەراهەم دەكات بۆ دروستكردن و جێبەجێكردنی بیرۆكەی نوێ بە مەبەستی دروستكردنی هاوبەشی و سیاسەتێكی بازرگانی كار لە بیركردنەوەی حكوومەت و سەركردەكانی هەردوو وڵات بكات.

ژووری بازرگانیی ئەمەریكا لەو سەردانە یاداشتێكی لێكگەیشتن لەگەڵ یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق واژوو دەكات بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی كەرتی تایبەت لە ئەمەریكا و عێراق، ئەوان یاداشتێكی لێكگەیشتنی بنەڕەتییان بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكانی كەرتی تایبەت لە هەردوو وڵات واژوو كردووە، بە مەبەستی هاوبەشی و هاریكارییەكی درێژخایەنی ئابووری لە نێوان هەردوولا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل