تەماتە هەرزان دەبێت و هێلكە و پیاز گران دەبن

:: AM:09:47:08/04/2025 ‌
ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بڕیاری دا لەمەودوا رێگە بە هاوردەكردنی هێلكە نادەن لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناو بازاڕەكانی عێراق و رای گەیاند، تەماتە، پەتاتە، قەیسی، كەلەرم، كاهو و چەوەندەر هاوردە دەكەن.

لە راگەیەنراوێكی ئەنجوومەنەكەدا هاتووە، بڕیار دراوە بۆ لەمەودوا رێگە بە هاوردەكردنی هێلكە لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناو بازاڕەكانی عێراق نادرێت.

ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق دەڵێت: بەڵام رێگە بە هاوردەكردنی تەماتە، پەتاتە، قەیسی، كەلەرم، كاهوو و چەوەندەر دەدرێت، بەو پێیەی وەرزی كشتوكاڵی بۆ ئەو بەرهەمانە كۆتایی هاتووە، هەروەها بەهۆی بوونی بەرهەمی ناوخۆیی، رێگە بە هاوردەكردنی پیازیش نادرێت.

هاوكات وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانیش رای گەیاند، لەمڕۆوە نرخی تەماتە لە بازاڕەكاندا دادەبەزێت، چونكە تا نزیكەی مانگێكی تر كە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییە، قەدەغەی هاوردەكردنی هەڵگیراوە.
 



وشە - سۆران عەزیز