بەهۆی ئەوەی ئێران، هاوردەی پەتاتەی بۆ هەرێمی كوردستان راگرتووە، نرخی پەتاتە لە ناوخۆ گران بووە و كیلۆی بە 1500 دینارە.
ئەمڕۆ دووشەم 14ی نیسان، سەروەر عەلی بەرپرسی سەندیكای عەلوەی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پەتاتەیەی لە بازاڕ هەیە، سووری و پاكستانییە و نرخەكەی زۆر دەكەوێت و بەشێوەیەكی بەرچاو گران بووە لە ناوخۆ.
هەروەها گوتی، ئێران چەند رۆژێك دەبێت ناردنی پەتاتەی بۆ هەرێمی كوردستان راگرتووە، بەهۆی ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتەكە زۆر گران بووە، ئەوەش وای كردووە پەتاتە لە هەرێمی كوردستان گران بێت و لە عەلوەی كیلۆی بە سەرووی هەزار دینار بێت، لەم وەرزەشدا هیچ پەتاتەیەكی ناوخۆمان نییە، ئەوەش وایكردووە سەرجەمی ئەو پەتاتەی لە بازاڕە هاوردە بێت و گرانیش بێت.
حوسێن ئەكبەری بەقاڵ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم یەك كیلۆ پەتاتە لە عەلوەی سلێمانی لە سەرووی هەزار دینار بووە، لە دەرەوە بە ناچاری كیلۆی بە 1500 دینار دەفرۆشینە خەڵك، پەتاتە زۆر كەم بووەتەوە و ئەوەش هۆكاری گرانبوونیەتی.
وشە/ هۆشیار عەلی