موحسین مەندەلاوی: سوودانی پێی گوتین مانگی پێشوو بۆ مووچە قەرزمان كردووە

:: AM:10:39:16/04/2025 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداریی دەدات لەبارەی خشتەی بودجە و رای گەیاند: ئەگەر گۆڕانگاریی تێدا نەكرێت، عێراق ڕووبەڕووی كارەسات دەبێتەوە. جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت: سوودانی گوتوویەتی مانگی پێشوو بۆ مووچە قەرزمان كردووە.

 موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا گوتی، سوودانی پێی گوتین بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، مانگی پێشوو بۆ دابینكردنی مووچە قەرزمان كردووە.

لەسەر دۆخی دارایی عێراق و بەهۆی دابەزینی زیاتری نەوتەوە، مستەفا گەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند: دیاریكردنی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت لە خشتەی بودجەدا، سەركێشییەكی مەترسیدارە و عێراق رووبەڕووی كارەساتێكی دارایی دەكاتەوە، لە كاتێكدا نرخی نەوت بەردەوام لە دابەزیندایە و پێشبینی دەكرێت نرخی هەر بەرمیلێك بگاتە 52 دۆلار، ئەمە جگە لە كورتهێنان بە بڕی 19 ترلیۆن دینار.

گەرعاوی لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی فورات رای گەیاند: تا ئێستە خشتەی بودجەی ئەمساڵ، ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوە و ئەگەر رەوانەش بكرێت، بە هەمان داتاكانی ساڵانی پێشوو، ئەوا عێراق دووچاری دۆخێكی ئابووری ناسەقامگیر دەبێتەوە.

گوتیشی: حكوومەتی عێراق شكستی هێناوە لە زیادكردنی داهاتی نانەوتی و تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی بەو ئاراستەیە نەناوە.



وشە - سۆران عەزیز