شەموو شاندێك دەچێتە بەغدا و هەفتەی داهاتوو نەوتی كوردستان هەناردە دەكرێتەوە

:: AM:09:16:17/04/2025 ‌
بڕیارە رۆژی شەموو شاندێكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی نەوت، سەردانی بەغدا بكات و وەزیری نەوتی عێراقیش رای گەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكرێت.

دوای چەندان سەردان و گفتوگۆی ڕژد، دواجار بەغدا بە مەرجەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان رازی بوو، كە بەنووسراو گرەنتی پارەدانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو كۆمپانیایانەی كردووە.

 دوای سەردانەكەی سوودانی بۆ هەولێر و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی، هاوكات فشارە زۆرەكانی ئەمەریكا لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، دواجار بەغدا چووە ژێرباری رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بە "مەدا"ی راگەیاندووە، شەموو هەموو شت لەسەر نەوتی كوردستان تەواو دەكرێت، بەئەگەرێكی زۆر هەفتەی داهاتوو نەوتی هەرێم هەناردە دەكرێتەوە.

ئەو سەچاوەیە گوتی: كێشەی تەكنیكیی هەناردەكردنەوەی نەوت دەمێكە چارەسەر كراوە، ئەوەی مابوو هەندێك وردەكاری و مەرجی نوێی حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان بوو، بەغدا بەوانیش رازی بووە.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، رۆژی 16 ی نیسان لە دیداری سلێمانی لە میانەی پانێڵێكدا رای گەیاند، "سێ كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی تەكنیكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، لەسەر چارەسەركردنی چەند تێبینییەك رێككەوتووین.
 
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، "كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، داوای گرەنتییان كردووە و دەڵێن، چۆن پارەی بەرهەمهێنانی نەوتیان پێ دەدرێت؟. وەزیری نەوت دەڵێت، نووسراو بە واژووی وەزیری دارایی كراوە، بەڵێنی خەرجكردنی ئەو پارانە دەدات كە كۆمپانیاكانی نەوت دەیانەوێت".
 
حەیان عەبدولغەنی راشی گەیاند، ئەگەر لە كۆبوونەوەی رۆژی شەمووی داهاتوو گفتوگۆكان ئەرێنی بن و گرفتە تەكنیكییەكان چارەسەر بكرێن، لە هەفتەی داهاتووەوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەكاتەوە.



وشە - سۆران عەزیز