هه‌رچه‌نده كۆڵبه‌ری پیشه نییه و خه‌ڵكی كاسبكار له شاره سنوورییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ناچاریدا روویان تێكردووه، به‌ڵام خه‌ریكه یاسا و رێسایان بۆ دیاری ده‌كرێت و چوارچێوه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
به‌پێی نوێترین بڕیاری پارێزگاری ورمێی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كۆڵبه‌ران بۆیان هه‌یه 87 جۆر كاڵا و شتومه‌ك هاورده‌ی شاره‌كانی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكه‌ن، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و لیسته كۆڵبه‌ران بۆیان نییه شت به كۆڵ بگوازنه‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ره‌زا ره‌حمانی پارێزگاری ورمێ، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی په‌ره‌پێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئه‌و بڕیاره‌ی دا و گوتیشی، ده‌كرێ كۆڵبه‌ران به‌شێك له پێداویستییه‌كانی ناوخۆ دابین بكه‌ن.
ئه‌و لیسته‌ی بۆ كۆڵبه‌ران ده‌ستنیشان كراوه، له ئامێری كاره‌باییه‌وه بگره تا خۆراك و پارچه‌ی ئۆتۆمبێل و ده‌یان شتی تری تێدایه.
پارێزگاری ورمێ به پێویستی زانیوه بازرگانی له سنووره‌كان په‌ره‌ی پێ بدرێت و ئه‌وه‌شی خسته روو، هاورده‌كردنی كاڵا له سنووره‌كانه‌وه ده‌بێته هۆكارێك له پارێزگاكانی تری ئێرانه‌وه خه‌ڵك بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان روو له ورمێ بكه‌ن و به‌مه‌ش بازاڕه‌كه ده‌بووژێته‌وه.
پارێزگای ورمێ زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر سنووری له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵات و باكوری كوردستان هه‌یه، چه‌ندان ده‌روازه‌ی جیاواز له‌و سنووره هه‌ڵكه‌وتوون، ئه‌وه وێڕای هه‌ندێك ده‌روازه‌ی بچووك و نافه‌رمی و رێڕه‌و بۆ هاتوچۆی كۆڵبه‌ران.
پێویسته بگوترێ زۆرجار هێزه‌كانی ئێران ته‌قه‌یان له كۆڵبه‌ران كردووه و ساڵانه ده‌یان كه‌س به‌و هۆیه‌وه ده‌كوژرێن یان بریندار ده‌بن، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه ژماره‌ی ئه‌و رووداوانه كه‌می كردووه.