"دابەزنی نرخی نەوت رەوانەكردنی خشتە داراییەكان بۆ پەرلەمانی عێراق دوا دەخەن"

:: PM:05:10:17/04/2025 ‌

تا ئێستە پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی گەیشتنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2025ە، بەپێی زانیارییەكان خشتەكان لە وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە دەكرێن و چاوەڕوانی رەوانەكردنیانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندكردنیان و رەوانەكردنیان بۆ پەرلەمان، شارەزایەك ئاماژە بۆ دواكەوتنی خشتە داراییەكان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دەكات.

حەمزە جەواهیری شارەزای ئابووری و نەوت وریایی لە بەردەوامیی دابەزینی نرخی نەوت دەدات كە دەبێتە هۆی پەككەوتنی رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی گشتیی 2025ی عێراق بۆ پەرلەمان، بەهۆی زیادبوونی كورتهێنان و گەیشتنی تا ئاستی زیاتر لە 84 ترلیۆن دینار.

جەواهیری روونی كردەوە، ئەو رێژەی كورتهێنانەی بودجەی 2025 زۆر زۆرە و تەنانەت بە قەرزیش ناتوانرێت چارەسەر بكرێت، بۆیە پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی گشتی بۆ خشتە داراییەكان و لابردنی تەواوی خەرجییە ناپێویستەكان دەكات، بەوەی تەنیا خەرجییە پێویستەكان بمێننەوە.

ئەو شارەزایە دووپاتی دەكاتەوە كە لە بودجەكە چەند خەرجییەك جێگیر كراون، بریتین لە تاڵانیی سامانی گەل لە ژێر پەردەی سیستمی بەشبەشێنە و بۆ مسۆگەریی توانای دەوڵەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی ئابووریی دنیا پێویستە ئەو بڕگانە هەڵبوەشێندرێنەوە.  

پێشتر حەیدەر شێخ شارەزای دارایی و ئابووری  ئاماژە كردبوو، تا ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق لە ئامادەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی گشتیی 2025ی كۆتایی نەهاتووە، ئەوەش وای كردوو  رەوانەكردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندكردنی و دواتر رەوانەكردنی بۆ پەرلەمانی عێراق دا بكەوێت، كۆی بودجەی 2025 زیاتر لە 200 ترلیۆن دینارە و خەرجییە كردەنییەكان 150 ترلیۆن دینارە و كورتهێنانیش 25%ی بودجەكە پێك دێنێت.

ئەوە لەوكاتەی مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، كۆی بودجەی 2025 دەگاتە 200 ترلیۆن دینار و دوو لەسەر سێی ئەو پارە بریتییە لە مووچە فەرمانبەر و خانەنشین و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی و خەرجییەكانی تری بەكارخستن، كورتهێنانی پێشبینیكراو 64 ترلیۆن دینارە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل