ترەمپ: رێككەوتنێكی زۆرباشی بازرگانی لەگەڵ چین واژوو دەكەین

:: PM:08:56:17/04/2025 ‌

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ شەڕێكی سەختی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دنیا دەست پێ كرد و رسووماتی گومرگی لەسەر كاڵا هاوردەكراوەكانی بەسەر دەیان وڵاتی دنیا زیاد كرد، بەتایبەتی چین، بە پاساوی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەریكی و دورستكردنی هاوسەنگیی بازرگانی، ئەمڕۆ ترەمپ رای گەیاند كە لەگەڵ چین دەگەن بە رێككەوتنێكی باش.

ترەمپ ئاماژەی كرد، پێشبینی دەكەین ئەمەریكا و چین بگەن بە رێككەوتنێكی باشی بازرگانی، ئەوەش لە دوای ئەو تەنگژەی پێوەست بە زیادكردنی رسووماتی گومرگی لە نێوان هەردوو وڵات سەری هەڵدا، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند بە رێككەوتنێكی زۆر باش دەگەین، جیا لە سازكردنی چەندان دەستەوارەی بازرگانی بەمنزیكانە، بەڵام پەلەمان نییە، هەروەها دەگەین بە رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەوروپاش. 

لە دوای سەپاندنی رسووماتی گومرگی لە لایەن ئیدارەی ترەمپ لەسەر كاڵا هاوردەكراوەكان لە زۆرێك لە وڵاتانی دنیا، بەشێك لەو وڵاتانە بە هەنگاوی هاوشێوە وەڵامیان دایەوە، جیا لە داواكردن لە ئەمەریكا بۆ گفتوگۆی رێكخستنەوەی تەرازووی بازرگانی لە نێوانیان، كە ئەوە مەبەستی ترەمپ بوو، بەڵام كێشەی گەورە لەگەڵ چینە.

مەحموود رفاعی رۆژنامەوانی ئابووری دەڵێت، كاریگەریی بڕیارەكەی ترەمپ كاری كردووەتە سەر بازاڕەكانی ئەمەریكاش، بەپێی بەرپرسانی ئەو وڵاتە كاریگەرییەكە زیاترە لەوەی پێشبینی دەكرا و دەبێتە هۆی زیادبوونی تێكڕای كورتهێنان و شێوانی بازاڕەكانی دراو و كۆمپانیاكان، لە بەرانبەر بڕیارەكە چین چەندان رێوشوێنی وەرگرتووە لەوانە وەستانی كڕینی فڕۆكەی بۆینگ، كە وای كرد بەهای پشەكەكانی ئەو كۆمپانیایە زۆر دابەزێت.  

روونی كردەوە، بەپێی داتاكان چین بە بەهای نزیكەی 440 ملیار دۆلار كاڵا هەناردەی ئەمەریكا دەكات و ئەمەریكاش بە بەهای 150 ملیار دۆلار، بەڵام ئەمەریكا بە رێژەی 36% لە گۆڕینی هاوردەكانی لە چینەوە تووشی كێشە دەبێتەوە، لەوكاتەی چین بە رێژەی 10% كێشەی لە شوێنگرتنەوەی كاڵا هاوردەكراوەكانی لە ئەمەریكاوە بۆ دروست دەبێت، بۆیە چین بواری زیاتری بەرگەگرتنی ئەو دۆخە و شەڕەی هەیە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل