خەریكە لە كۆتایی مانگی نیسان نزیك دەبینەوە و تا ئێستە وەزارەتی دارایی و حكوومەتی عێراق خشتە داراییەكانی بودجەی 2025یان رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، پەرلەمانتارێك پێشبینی دەكات لە سایەی نەبوونی ویستێكی راستەقینەی حكوومەت بۆ رەوانەكردنی، رەنگە ئەمساڵ بودجە نەبێت.
عودەی عەواد ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە یاسای بودجەی 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بەرەوانەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی بۆ پەرلەمان پابەند كردووە بۆ پەسندكردنیان، بەڵام تا ئێستە رەوانە نەكراوە، هۆكارەكەشی سیاسی و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنە، جیا لە نەبوونی ویستێكی سیاسی بۆ تەواوكردنی خشتە داراییەكانی بودجە، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆكاری دواكەوتنی.
عەواد پێشبینیی كرد كە رەنگە بۆ ئەمساڵ 2025 بودجە نەبێت، ئەوەش بەهۆی نەبوونی ویستێكی راستەقینە لای حكوومەت بۆ رەوانەكردنی خشتە داراییەكان بۆ پەرلەمان، ئەوە لەوكاتەی پێشتر موعین كازمی ئەندامێكی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق حكوومەتی بەوە تاوانبار كرد كە لە رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 رژد نییە.
لەوكاتەی شارەزایان سەریان لە بێدەنگیی حكوومەت و وەزارەتی دارایی عێراق بەرانبەر بە رەوانەنەكردنی خشتە داراییەكان سڕ ماوە و تا دێت نیگەرانیان بەرانبەر دواكەوتنی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی كە پارەی تەرخانكراو لە بودجەكانی 2023 و 2024 و پارەی پڕۆژەكان خەرج نەكراوە، ئەمیر مەعمووری پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، حكوومەتی عێراق لە رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 زۆر دواكەوت.
روونی كردەوە، ئەوەش مەترسیی دروست دەكات بەوەی حكوومەت نیازی رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی نییە، بەتایبەتی لەو دۆخە سەختە دارایی و ئابوورییەی ئێستە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، كە رێژەی كورتهێنانی بودجەكەی زیاد كردووە، زۆرێك لە پەرلەمانتاران لە رێگەی نووسراوی فەرمیەوە داوایان لە حكوومەت كردووە هۆكاری دواكەوتنەكە روون بكاتەوە، بەڵام وەڵام نییە، تەنیا بە زارەكی بەڵێن دەدەن بەوەی رەوانەی دەكەن، هیچ شتێكیش نییە دووپاتی ئەوە بكاتەوە، رەنگە دۆخەكە بێ رەوانەكردنی خشتە داراییەكان بەسەر بچێت، بەتایبەتی كە تا ئێستە حكوومەت پارەی بودجەی ساڵانی 2023 و 2024ی خەرج نەكردووە.