ئەمڕۆ یەكشەم 27ی نیسان، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان "ئەپیكۆر"، راگەیەنراوێكی لەبارەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و عێراق بڵاو كردەوە.
ئەپیكۆر لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت، "كۆمپانیاكانی بواری نەوت و ئەندامی كۆمەڵەی ئەپیكۆر، بەشدارییان لە كۆبوونەوەی 20ـی نیسان لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق- توركیاوە كرد، بەڵام بەداخەوە لە كۆبوونەوەكە نەگەیشتینە رێككەوتن."
ئەپیكۆر لە راگەیەنراوەكەیدا لەبارەی مەرجەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت باس لەوە دەكات، "كۆمپانیاكانی ئەندامی كۆمەڵەی ئەپیكۆر ئامادەن دەستبەجێ هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق- توركیا دەست پێ بكەنەوە، هەركاتێك رێككەوتنێك بكرێت كە دڵنیایی لە پێدانی پارەی كۆمپانیاكان بدات، لەسەر بنەمای مەرجەكانی گرێبەستە بەركارەكانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، هەروەها تەواوی ئەو بڕە قەرزەشی ماوە بە كۆمپانیاكان بدرێنەوە."
لە درێژەی راگەیەنراوەكەی ئەو كۆمەڵەیەدا هاتووە، "ئەپیكۆر پێویستیی حكوومەت بۆ دڵنیاییدان لە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق دووپات دەكاتەوە، بەڵام تێبینیی ئەوەشمان كردووە گرێبەستەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لەلایەن دادگەكانی عێراقەوە بە یاسایی و رەوا ددانیان پێدا نراوە، بۆیە هەر رێككەوتنێك بۆ پێدانی پارەی كۆمپانیاكان، دەبێت شێوازی كاری راوێژكاریی نێودەوڵەتی بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستە بەركارەكانی كۆمپانیاكانی نەوت لەخۆ بگرێت."
ئەپیكۆر ئاشكرای كردووە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، چەندان پێشنیازیان بۆ حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان كردووە، پێشنیاز و راسپاردەكان بریتی بوون لە پێشنیازی شێوازی كاركردنی راوێژكاری نێودەوڵەتی، كە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراقی و گرێبەستی كۆمپانیاكانە، بەڵام تا ئێستە ئەو پێشنیازە پەسند نەكراوە."
لەبارەی پێشنیازی ئەپیكۆر بۆ دڵنیایی لە پێدانی پارەی هەناردەكردنی نەوت لە داهاتوودا، ئەو كۆمەڵەیە رای گەیاندووە، "هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ رەچاوكردنی بژاردەكان پێشان داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ گفتوگۆیەكی بنەڕەتی لەبارەی ئەو دڵنیاییانە لە پێدانی پارە نەكراوە و هیچ بەرەوپێشچوونێكیش لەوبارەیەوە نەبووە."
لە درێژەی بەیاننامەكەی ئەپیكۆردا هاتووە، "حكوومەتی عێراق بەردەوام دووپات لە گرنگیی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت دەكاتەوە، بەڵام هەوڵ و هاوئاهەنگییەكان بەو ئاراستەیە، سنووردار و بێ ئەنجام بوون".
گەورەترین بەربەست لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق- توركیا، پارەی كۆمپانیاكانە كە تا ئێستە لەسەری رێكنەكەوتوون.