وه‌زاره‌تى دارایى عێراق واده‌ى ناردنى مووچه‌ى هه‌رێمى دیارى كرد

:: PM:01:21:03/05/2025 ‌
ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ئاشكراى كردووه‌، سبه‌ى ته‌یف سامى وه‌زیرى دارایى عێراق واژوو له‌سه‌ر ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌موو سێى ئایار، ماڵپه‌ڕەكە كە سەربە حەشدی شەعبییە، له‌سه‌ر زارى "سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار"، واده‌ى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى دیارى كردووه‌ و ده‌ڵێ، "فه‌رمانگه‌ى ژمێریارى و وردبینى پرۆسه‌ى وردبینى دیاری كردووه‌، چه‌ند تێبینییه‌كى هه‌بووه‌ و بۆ وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمى ناردووه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێ، "هه‌ندێك كه‌موكوڕى له‌ زانیارى هه‌یه‌ و به‌غدا داواى له‌ هه‌ولێر كردووه‌، هه‌روه‌ها داواى كردووه‌ كێشه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى به‌ بانككردنى مووچه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت". هه‌مان سه‌رچاوه‌ دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ سبه‌ى ته‌یف سامى واژوو له‌سه‌ر ناردنى 950 ملیار دینار ده‌كات، وه‌ك مووچه‌ى مانگى نیسانى فه‌رمانبه‌ران.

ئەوە لە كاتێكدایە شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم كە خۆیان مانگانە لیستی مووچە دەبەنە بەغدا، لەوێ دەمێننەوە هەتا هەر تێبینییەك هەبوو ڕاستەوخۆ چارەسەری بكەن، بەڵام هەفتەی رابردوو كە لیستەكەیان ڕادەستی بەغدا كرد بەبێ ئەوەی هیچ تێبینییەك هەبێ گەڕانەوە بۆ كوردستان، بەڵام دارایی عێراق وەك دوژمنایەتی خەڵكی كوردستان، هەر مانگەی هۆكارێكی هەڵبەستراو دروست دەكات بۆ ناردنی مووچە.

ئەم دواخستنە دوای ئەوە دێ كە سەرەتای ئەمساڵ 2025، هەردوو حكوومەتی عێراق و كوردستان، بەسەرپەرشتیی هەردوو وەزیری دارایی، لە بەغدا ڕێككەوتن كە یەك لیستی مووچە هەتا كۆتایی ساڵ پەسند كراوە و چیتر دەسكاری ناكرێت و مانگانە بەو لیستە 996 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەكرێ، بەڵام عێراق ناتوانێ لەو گرێ شۆڤێنییانە بێتە دەرەوە و سەرەڕای ڕێككەوتنیش هەر مانگانە كێشەیەك دروست دەكات.

هەرێمی كوردستان یەكەمجار لە شوباتی 2014 دووچاری بڕینی بودجەكەی لەلایەن بەغداوە بووەتەوە و هەتا ئێستە وەك كارتی گوشار بەكاری دێنن، هەرچەندە لەسەر سكاڵایەكی عێراق دوو ساڵە هەناردەی نەوتەكەیشی وەستاوە، بەڵام بەغدا بەرپرسیارێتی خۆی هەڵناگرێ بەرانبەر فەرمانبەرانی كوردستان.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل